یانەکانی چێڵسی و لیڤەرپوڵ لەم وەرزەی خولی نایابی ئینگلیزی بەهەمان ژمارە خاڵەوە لوتکەی ڕیزبەندییان گرتووە.
هەریەک لە یانەکانی چێڵسی و لیڤەرپوڵ لەم وەرزەدا پێنج یارییان لە چێوەی یارییەکانی پریمەرلیگ ئەنجامداوە، چوار بردنەوە و یەکسانبوونێکیان تۆمارکردووە، یەکسانبوونەکەش بەرامبەر بە یەکدی بووە (لیڤەرپوڵ 1-1 چێڵسی)، هەروەها 12 گۆڵیان تۆمارکردووە و تەنها گۆڵێکیان لەسەر تۆمارکراوە.
جیاوازی ژمارەی گۆڵە تۆمارکراوەکانی هەردوو یانە (+11)یە و لەهەموو وردەکارییەکاندا یەکسانن، بەڵام چێڵسی وەک یەکەمی ڕیزبەندی خولەکە دیاریکراوە، ئەوەش لەبەر هۆکاری ڕیزبەندیی پیتەکان (ئەلفابیتیکاڵ)، نەک لەبەرئەوەی چێڵسی لەپێش لیڤەرپوڵەوەیە.
یاسا چی دەڵێت؟
بەپێی یاسا کارپێکراوەکانی پریمەرلیگ، لە بڕگەی (C7)دا هاتووە: لە ئەگەرێکدا دوو یانە یەکسانبن لە ژمارەی خاڵ و گۆڵ و وردەکارییەکانی دیکەدا، لەهەمان خشتەدا وەک پاڵەوان مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت”.
بەردەوامبن چی ڕوودەدات؟
سەرەڕای ئەوەی بەردەوامبوون لەسەر ئەو داتایانە مەحاڵە، بەڵام ئەگەر ژمارەکان لە کۆتایی وەرزدا بەهەمان شێوە یەکسانبن، فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئینگلتەرا ناچارە پەنا بۆ جیاوازیی گۆڵەکان، پاشان ڕووبەڕووبوونەوە ڕاستەوخۆکان ببرێت.
ئەگەر بە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ ژمارەکان یەکلایینەکرێتەوە، ڕێژەی گۆڵ لەدەرەوە و ناوەوەی یاریگای یانەکان ئەژماردەکرێت.
لە کۆتاییدا ئەگەر سەرجەم ئەو پێوەرانە هاوتابن، پەنا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیەکی یەکلاکەرەوە دەبردرێت لە یاریگایەکی بێلایەندا، براوەیان ناسناوەکەی پێدەبەخشرێت.