فینلەندا بڕیاریداوە كونسوڵخانەی فەخری لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان بكاتەوە.
ئەم هەواڵە، لەمیانەی كۆبوونەوەیەكی پارێزگاری سلێمانی و شاندێكی فینلەندیدا ئاشكراكرا، كە بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی پارێزگا، ئەمڕۆ هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی، پێشوازیکردووە لە بۆرجێ ماتسۆن و محەمەد نەزەری شاندی تایبەتیی فینلەندا بۆ هەرێمی کوردستان و شاندێكی هاوڕێیان لە دامەزراوەی بنیاتنانی پەیوەندییەکانی هەماهەنگ لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی فینلەندا، کە بەمەبەستی پێشکەشکردنی میوانداریی فەرمیی وڵاتەکەیان و بەتایبەتی شاری هانکۆ سەردانی پارێزگاری سلێمانییان کردبوو.
ئەوەش هاتووە، لە دیدارێکدا ئامادەیی خۆیان نیشاندا بۆ کردنەوەی کونسوڵخانەی فەخریی وڵاتەکەیان لە هەرێمی کوردستان و پشتیوانیکردنی کشتوکاڵ و ژینگە و وزە جێگرەوەکان و دروستکردنی پەیوەندیی بازرگانی و کەلتوری. خۆشحاڵی خۆیشیان دەربڕی کە لە ڕابردوو و ئێستاشدا توانیویانە هاوكاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بن لەڕێگەی بەشداریکردن لە ڕاهێنان و مەشقی هێزەکانی پێشمەرگەدا.
پارێزگاری سلێمانی سوپاس و ئامادەیی خۆی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان دەربڕی و ستایشی وڵاتی فینلەندای کرد، کە توانیویانە وەک وڵاتی یەکەم لەسەر ئاستی جیهان (40٪)ی وزەی بەکارهێنانیان بۆ وزە نوێیەکان بگۆڕن و پیشەسازیی نەوت بۆ پیشەسازیی دار و تەختە بگۆڕن، وەك ڕاگەیەندراوەكە ئاشكرایكردووە.
هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی لە لێدوانێكدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا هەواڵەكەی پشتڕاستكردەوە و ڕایگەیاند، “بڕیارە لە داهاتوودا كونسوڵخانەكە لە هەولێر بكرێتەوە”.