قوباد تاڵەبانی لەگەڵ کاندیدەکانی هاوپەیمانی کوردستان کۆبووەوە و داوایکرد بۆ گەڕاندنەوەی هاوسەنگیی هێز لە هەرێمی كوردستان، هاوڵاتییانی هەولێر دەنگ بە هاوپەیمانی کوردستان بدەن.
قوباد تاڵەبانی سەرۆکی هاوپەیمانی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە بەئامادەبوونی دەرباز کۆسرەت ڕەسوڵ و سەفین مەلا قەرە لەگەڵ بازنەکانی هەڵبژاردنی هاوپەیمانی کوردستان لە هەولێر کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە کاندیدەکانی هاوپەیمانی کوردستان ئامادەیبوون، گفتۆکرا لەبارەی ڕێڕەوی بانگەشەی هەڵبژاردن و جەخت لە پاراستنی ئارامی و سەقامگیری و پێشێلنەکردنی یاسا و ڕێنماییەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان کرایەوە، هەروەها باس لە ئامادەکارییەکانی ئەنجامدانی ڕێوڕەسمی ناساندنی کاندیدەکانی هاوپەیمانی کوردستان لە هەولێر کرا.
کۆبوونەوە جەختیکردەوە کە پێویستە پەیامەکانی هاوپەیمانی کوردستان زیاتر و باشتر بگەیەندرێن بە هاوڵاتییان لەپێناو بەرچاوڕوونیی زیاتر کە هاوپەیمانی کار بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی کورد دەکات و لەتوانایدایە لە بەغداد ڕێککەوتن بکات بۆ دەستەبەركردنی ماف و شایستەکانی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان.
دەرباز کۆسرەت ڕەسوڵ لەبارەی بەڕێوەچوونی بانگەشەی هاوپەیمانی لە بازنەکانی هەولێر قسەیکرد و پلانەکانی ڕۆژانی داهاتووی شیکردەوە بۆ ئامادەبووان.
سەفین مەلا قەرە ئاماژەی بە هەماهەنگیی نێوان ئۆرگانەکانی یەکێتی و گۆڕان کرد کە لە ئاستێکی باشدایە و پێکەوە کار بۆ سەرخستنی هاوپەیمانی کوردستان و کاندیدەکانی دەکەن.
قوباد تاڵەبانی سەرۆکی هاوپەیمانی کوردستان جەختیکردەوە کە “بەیەکەوە لە بەغداد بەهێزتردەبین و دەتوانین هەموو ئەو پەیام و بەڵێنانەی کە بەهاوڵاتییانمان داون بەدەستیان بهێنین، بۆیە داواتان لێدەکەم زیاتر کار لەسەر گەیاندنی پەیامی هاوپەیمانی کوردستان بکەن لەپێناوی یەکڕیزی و دەستەبەركردنی مووچە و خزمەتگوزاریی باشتر و سەقامگیری”.
سەرۆکی هاوپەیمانی کوردستان ڕایگەیاند، “دەبێت کاربکرێت تا تێکۆشەرانی یەکێتی و گۆڕان لە شارى هەولێر ڕۆڵی خۆیان ببینن لە هاندانی هاوڵاتییان بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەى دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی نوێنەرانی خۆیان بۆ داکۆکیکردن لە مافە ڕەواکانی گەلى کوردستان”.