عومەر گوڵپی‌: تا ئێستا ژمێریاریی‌ هێزەکانی 70 و 80 نەخراوەنەتە سەر وەزارەت

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، حکومەت نەك نەیتوانیوە یەكەكانی حەفتا و هەشتا یەكبخاتەوە، بەڵكو تا ئێستا نەیتوانیوە ئەو خاڵەی‌ یاسای‌ چاکسازی‌ جێبەجێ بکات کە بریتیە لە یەکخستنی‌ ژمێریاریی‌ یەکە سەربازییەکان، بەتایبەت هەردوو یەکەی‌ حەفتا و هەشتا.

عومەر گوڵپی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك نووسیویەتی، “بە نووسراوی فەرمی ‌لە 12ی‌ 9ی‌ 2021، بەدواداچوونمان کرد بۆ بابەتی‌ کاری‌ نایاسایی‌ لە بواری‌ ژمێریاریی‌ یەکە سەربازییەکان ‌و کاری‌ نایاسایی‌ لەو مووچە و ئیمتیازاتانەی‌ مانگانە بۆ ئەم بوارە خەرج دەکرێت”.

پەرلەمانتارەكەی كۆمەڵی دادگەری نووسیویەتی، “پاش نۆ کابینە، نەك دەسەڵات ‌و حکومەت نەیتوانیوە بچووکترین یەکەی‌ سەربازیی‌ بێلایەن لە دەرەوەی‌ دەسەڵاتی‌ پارتی ‌‌و یەکێتی‌ لە چوارچێوەی‌ یاسا و دامەزراوەی‌ نیشتمانیدا دروست بکات، بەڵکو تا ئێستا نەیتوانیوە ئەو خاڵە بچووکەی‌ یاسای‌ چاکسازی‌ جێبەجێ بکات، کە بریتیە لە یەکخستنی‌ ژمێریاریی‌ یەکە سەربازییەکان، بەتایبەت هەردوو یەکەی‌ حەفتا و هەشتا لە ژمێریاریی‌ سەر بە وەزارەتی‌ پێشمەرگە، هەروەها گواستنەوەی‌ دۆسیەی‌ خانەنشینیی‌ سەربازی،‌ بە تایبەت لە یەکەکانی‌ حەفتا و هەشتا بۆ بەڕێوەبەرایەتیی‌ گشتیی‌ خانەنشینی‌ لە وەزارەتی‌ دارایی‌”.

ئەو پەرلەمانتارە ئاشكراشیكردووە، “لە کوردستان، بە هەزاران کەس لە دەرەوەی‌ یاسا و وردبینیی‌ دیوانی‌ چاودێریی‌ دارایی ، وەزارەتی‌ پێشمەرگە و بەڕێوەبەرایەتیی‌ گشتیی‌ خانەنشینی‌ مووچە وەردەگرن‌، هیچ کەس‌ و دامەزراوەیەکیش نازانێت ئەو پارەیە چۆن خەرجدەکرێت‌ و چەندی‌ دەچێتە گیرفانی‌ کەسانی‌ شایستە و حەقیقی ‌‌و چەندی‌ ناوی‌ وەهمی‌‌ و بندیوارە؟”.

ئەمە جگە لەوەی ڕەخنەی ئەوە دەگرێت، كە ‌ئابوونەی‌ حزبیی‌ مانگانە بە بڕی‌ سێ هەزار دینار لە هەر پێشمەرگەیەك وەردەگیرێت، “كە کەس نازانێت دەچێتە گیرفانی‌ کێ‌ و چی‌ لێدەکەن”.

بابەتی پێشتر

بافڵ تاڵەبانی: کاکەییەكان بەشێکی ڕەسەنی کۆمەڵگەی کوردین

بابەتی دواتر

پڕۆژەیەکی دژە درۆن دەدرێتە حکومەتی هەرێم

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share