ئەندامێكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، لێبڕنی مووچەی خانەشینیی پلەباڵاكان داهاتێكی باشی بۆ حكومەت گەڕاندووەتەوە، جیاوازیش نەكراوە لەنێوان كادیری حزبەكاندا.
ڕێبوار بابكەیی، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، لێبڕینی مووچەی خانەنشینی پلەباڵاكان، یان هەمواركردنەوەیان، لە چێوەی یاسای چاكسازیدا بوو.
ئاماژەی بەوەشكرد، “حكومەت هەنگاوبەهەنگاو كاریكردووە لەسەر لێبڕینی دوو مووچە و بڕینی خانەنشینیی پلەباڵاكان، بەتایبەت ئەوانەی بە ناڕەوا خانەنشینكرابوون، هەروەها وەرگرتنەوەی قەرز لەو كۆمپانیایانەی كە پارەی حكومەت قەرزارن، حكومەتیش بەردەوام دەبێت لەسەر كارەكە بەپێی یاسای چاكسازی”.
پەرلەمانتارەكەی پارتی پێشیوایە، “جێبەجێكردنی یاساكە، تەنها هەر لێبڕینی موچە و گەڕاندەنەوەی ئەو بڕە پارەیە نیە كە حكومەت دەستی داوەتێ، بەڵكو بۆ چەسپاندنی دادپەروەری و گەڕانەوەی ماف بووە بۆ خاوەن ماف”.
دەربارەی ئەوەی كە ئایا هیچ جیاوازییەك كراوە لە جێبەجێكردنی یاساكە لەپرسی خانەنشینی پلەباڵاكان، ڕێبوار بابكەیی دەڵێت، “بەهیچ شێوەیەك جیاوازی نەكراوە لە نێوان كادیری هیچ حزبێكدا، ئەم یاسایە وەكو خۆی لەسەر هەمووان جێبەجێكراوە، هەروەها لە یاساكەدا بیر لەوە نەكراوەتەوە هەر وەزیرێك كە خانەنشینیی پلەباڵای نایاسایی هەیە، سەر بە چ حزبێكە، یان لەبەرژەوەندیی كادیری حزبێك بدات و كادیری حزبێك بپارێزێت”.