ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی جەخت لە گرنگیی ژەمی سێیەمی ڤاکسینی کۆرۆنا دەکاتەوە بۆ ئەو کەسانەی بەرگریی جەستەیان لاوازە لەگەڵ ئەوەشدا ڕێکخراوەکە دەڵێت، “هیچ کەسێک پارێزراو نابێت لە ڤایرۆسی کۆرۆنا تاوەکو هەمووان هەلی وەرگرتنی ڤاکسینیان نەبێت”.
دکتۆر کاسرین ئۆبراین بەرپرسی ڤاکسین و بەرگری لە ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ڕایگەیاند، سێ هۆکار هەن بۆئەوەی پێداگیربین لەسەر وەرگرتنی ژەمی سێیەمی ڤاکسینی کۆرۆنا لەلایەن بەشێک لە خەڵکەوە بۆ دروستکردنی بەرگریی پێویست دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا و زنجیرە گۆڕاوەکانی دیکە.
دکتۆر ئۆبراین دەڵێت، یەکێک لە هۆکارەکان ئەوەیە هەندێک لەوانەی ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرگرتووە، جەستەیان وەڵامدانەوەی پێویستی بۆ دوو ژەمی ڤاکسینەکە نەبووە و بەرگریی پێویست لە جەستەیاندا دروستنەبووە، بۆیە زانیارییەکانی گەیشتوو بە ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەریدەخەن وەرگرتنی ژەمی سێیەمی ڤاکسینەکە پێویستە بۆ ئەو کەسانەی بەرگریی جەستەیان لاوازە، ژەمی سێیەم کەسانی ئاسایی ناگرێتەوە.
یەکێکی دیکە لە هۆکارەکان ئەوەیە بەشێک لەوانەی دوو ژەمی ڤاکسینی کۆرۆنا وەردەگرن، بەهۆی نەخۆشی و وەرگرتنی هەندێک جۆری چارەسەرەوە بەرگریی دروستبوو لە جەستەیاندا کەمدەبێتەوە، بۆیە وەرگرتنی ژەمی سێیەمی ڤاکسینی کۆرۆنا بۆ ئەم جۆرە کەسانەش گرنگە.
بەڵام هۆکاری سێیەم بەپێی وتەی ئەو بەرپرسەی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، دەگەڕێتەوە بۆ نیگەرانییەکان سەبارەت بە دەرکەوتنی زنجیرە نوێیەکانی ڤایرۆسەکە، کە ئەگەری هەیە توانای مانەوە و تێپەڕاندنی ڤاکسینەکانی ئێستایان هەبێت، بۆیە وەرگرتنی ژەمی سێیەمی ڤاکسینەکە پێویستە.
سەبارەت بەوانەی دەبێت ژەمی سێیەمی ڤاکسین وەربگرن دکتۆر ئۆبراین دەڵێت، تائێستا بەڵگەکانی بەردەست ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەریدەخەن ڕێژەیکی کەمی خەڵک پێویستییان بە ژەمی سێیەمی ڤاکسینی کۆرۆنا هەیە، بەڵام تائیستا بەڵگەی یەکلاکەرەوە نییە بۆئەوەی زۆرینەی خەڵک پێویستییان بە وەرگرتنی ژەمێ سێیەمی ڤاکسین هەیە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، “وەرگرتنی ژەمی سێیەمی ڤاکسین بۆ زۆرینەی ئەوانەی دوو ژەمی تەواویان وەرگرتووە پێویستی بە توێژینەوەی زیاتر هەیە تاوەکو دڵنیامان بکاتەوە لە سەلامەتیی کەسی ڤاکسینکراو دوای ژەمی سێیەم”.
لەباری ئەوەی پێویستە ڕێژەی چەندی دانیشتووانی جیهان ڤاکیسن وەربگرن تاوەکو خەڵک پارێزراوبن لە کۆرۆنا؟ دکتۆر ئۆبراین جەختیکردەوە، “هیچ کەسێک پارێزراو نابێت تاوەکو هەموومان هەلی وەرگرتنی ڤاکسینمان نەبێت”.