وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەستگیركردنی سەركردەیەكی دیاری داعشی ڕاگەیاند لەمیانەی هەڵمەتێكی ئەمنیدا كە بە هاوبەشی هێزەكانی ئاسایش ئەنجامدراوە.
ڕونیشیكردوەتەوە، دەستگیركراوە داواكراو بووە بەپێی مادەی 4ی تیرۆر و پێشتر چەندین ئەركی لە ویلایەتی باكوری ڕێكخراوی داعش لە ئەستۆدا بووە.
وەزارەتەكە دەشڵێت، لەمیانەی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكاندا دانیناوە بە “ئەنجامدانی چەندین كردەی تیرۆرستی دژ بە هێزە ئەمنییەكان و هاوڵاتییان لە ناوچە جیاوازەكانی باكوری بەغداد”.
لە كۆتایی ساڵی 2017 عێراق سەركەوتنی بەسەر داعش ڕاگەیاند، بەڵام چەكدار و گروپی بچوكی ڕێكخراوەكە ناوبەناو دەردەكەون و هێرشی ماوە كورت و ئامانج دیاریكراو ئەنجامدەدەن.
لە ساڵی 2014 داعش نزیكەی یەك لەسەر سێی ڕووبەری عێراقی داگیركرد، بەهۆیەوە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش بە سەرۆكایەتی ئەمریكا پێكهێنرا و سەرەڕای بەشداری لە هێرشەكان بۆ سەر مۆڵگەی چەكدارەكانی، لە ئۆكتۆبەری 2019 سەركەوتوو بوو لە لەناوبردنی ئەبوبەكر بەغدادی، سەركردەی ڕێكخراوەكە.