مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق و فەرماندەی هێزە سەربازییەکانی عێراق، لەگەڵ کێنیس ماکێنزی فەرماندەی هێزی ناوەندیی ئەمریکا سەبارەت مەترسییەکانی تیرۆر و هەڕەشەکانی لەسەر ناوچەکە و جیهان کۆبوونەوە و ماکێنزی جەختی لە بەردەوامیی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا کردەوە.
لە ڕاگەیەندراوێکدا نوسینگەی مستەفا کازمی بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەکەدا کە ماتیۆ تۆلەر باڵیۆزی عێراق ئامادەی بوو گرنگی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان دژی مەترسییەکانی تیرۆر و بیری توندڕەوی کە هەڕەشەن لەسەر ناوچەکە و جیهان خرانەڕوو.
ئاماژە بەوەشکراوە، مستەفا کازمی جەختیکردەوە کە پیسکەشکردنی هاوکارییە سەربازییەکان و ڕاهێنان بە هێزە عێراقییەکان یەکێک بوون لە هۆکارە سەرەکییەکانی سەرکەوتنی عێراق بەسەر داعشدا.
لەلایەکی دیکەوە کێنیس ماکێنزی دڵنیاییدا لە بەردەوامیی هاوکارییە سەربازی و پاڵپشتییە نێودەوڵەتییەکان بۆ پەرەپیدانی تواناکانی عێراق، لەگەڵ ئەوەشدا پاڵپشتییە نێودەوڵەتییەکان لەچوارچێوەی ڕاوێژکاری، ڕاهێنان و هاوکاریی هەواڵگریدا دەبێت.
ماکێنزی جەختیکردەوە، کەمکردنەوەی بوونی هێزەکانی ئەمریکا کاریگەریی نابێت لەسەر پابەندبوونی ئەمریکا بە پەیوەندییە ستراتیژییەکانی لەگەڵ عێراق، لەبوارەکانی سیاسی، سەربازی، ئابووری و سەرجەم بوارەکانی دیکە.