كوردستان و بەغداد لەبارەی بودجەوە ڕێكدەكەون؟

شاندی حكومە‌تی ھە‌رێمی كوردستان بە ‌سە‌رۆكایە‌تیی قوباد تاڵە‌بانی، شە‌وی دوێنێ دووشەممە 25ی كانونی دووەم، یە‌كە‌م كۆبوونە‌وە‌ی لە‌گە‌ڵ لیژنە‌ی دارایی پە‌رلە‌مانی عێراق ئە‌نجامدا. بڕیاردەر و ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانیش دەڵێن، “شاندی هەرێم هەموو زانیارییە داواكاراوەكانی خستووەتەڕوو” و پێشبینی دەكەن هەردوولا لەبارەی پشكی هەرێم لە بودجە ڕێكبكەون.

لەبارەی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە، سە‌میر ھە‌ورامی، وتە‌بێژی فەرمیی قوباد تاڵە‌بانی جێگری سە‌رۆكی ئە‌نجومە‌نی وە‌زیران و سەرۆكی شاندی دانوستانكاری هەرێم لە بەغداد بە‌ ئێستای ڕاگە‌یاند، “لە‌ كۆبوونەوە‌كە‌دا بە‌ وردی و بە ژمارە گفتوگۆ كرا لە‌بارە‌ی داھات و خە‌رجییە‌كان.”

وتە‌بێژی فەرمیی قوباد تاڵە‌بانی وتیشی، “ھە‌موو ئە‌و داتا و زانیارییانەی ھە‌رێمی كوردستان كە‌ پێوست بوون، بۆ لیژنە‌ی دارایی پە‌رلە‌مانی عێراق خرانە‌ڕوو.”

سەمیر هەورامی ئاشكراشیكرد كە “كۆبوونە‌وە‌كان بە‌ردە‌وام دە‌بن بۆ ئە‌وە‌ی ڕێككە‌وتنی مانگی 12ی ساڵی 2020ی هەردوو حكومە‌تی ھە‌رێم و فیدراڵ لە‌ بودجەی 2021دا بچە‌سپێندرێت.”

لای خۆیەوە، ئەحمەد سەفاڕ، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، “لیژنەی دارایی لەگەڵ شاندی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی قوباد تاڵەبانی كۆبووەوە و حكومەتی هەرێم هەموو داتا و زانیارییەكی پەیوەست بە دۆسیەی نەوت و داهاتە نانەوتییەكانەوە خستەڕوو.”

وتیشی، “شاندی هەرێم ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ هاوكارییكردن لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لە بنەڕەتەوە، هەروەك ڕەزامەندیی سەرەتاییانەی خۆی دەربڕی بۆ ئەو سیناریۆیانەی كە حكومەتی فیدراڵی لەبارەی داهاتەكانی هەرێم لە بودجەدا دەیانخاتەڕوو.”

بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكدا ئاشكرایكرد، “لە كۆبوونەوەی داهاتوودا و دوای ئەوەی حكومەتی فیدراڵی وردبینی بۆ هەموو داتاكانی پەیوەست بە هەناردەكردنی نەوتی هەرێم و دۆسیەی گومرگ و دەروازە سنوورییەكان دەكات، شاندی هەرێم و لیژنەی دارایی بگەنە ڕێككەوتنی یەكجارەكی.”

ژماردنی پارەی عێراقی لە جۆری 10 هەزاری لە بازاڕی دراوی هەولێر – AA

لە لێدوانێكیشدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا، محاسن حەمدون، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی لیژنەكە لەگەڵ شاندی هەرێمی كوردستان دوا و وتی، “كۆبوونەوەكە باش و ئەرێنی بوو، شاندی كوردستان زانیارییەكانی خستەڕوو، پێشبینی دەكەم هەنگاوەكانی دواتریش ئەرێنی بن.”

سەبارەت بە پشكی هەرێمی كوردستان لە پرۆژەیاسای بودجەدا، محاسن حەمدون ڕایگەیاند، “ناڕەزایی بەرانبەر بە پشكی هەرێم نەبووە و لە كۆبوونەوەكەدا باسی داهاتەكانی هەرێمی كوردستان كراوە.”

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی كە ئایا هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و فیدراڵی لەبارەی پشكی هەرێم لە بودجە دەگەن بە ڕێككەوتن، ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی گەشبینیی خۆی نیشاندا و جەختیكردەوە كە هەوڵەكان بە ئاڕاستەی ڕێككەوتندا دەڕۆن و وتی، “شاندی هەرێم زانیاری و داتاكانی پەیوەست بە نەوت و دەروازە سنوورییەكان و داهاتەكانی ترەوە خستووەتەڕوو و ئامادەییان نیشانداوە بۆ هاوكاری، ئەوەش هەمان ئەو داواكارییەیە كە بەغداد لە كوردستانی كردبوو، بۆیە گەر هەنگاوەكان بەمجۆرە درێژەیان پێبدرێت، ڕێككەوتن دەكرێت و پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی عێڕاقدا جێگیردەكرێت.”

بابەتی پێشتر

ڕاهێنەری بایرن پەیوەندی بە دیواری بەرگری فەرەنساوە کردووە

بابەتی دواتر

پێرێز شوێنگرەوەی زێدانی دیاریکردووە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

په‌رله‌مانى عێراق لیژنه‌یه‌ك له‌باره‌ى نرخى دۆلاره‌وه‌ دروستده‌كات

ئه‌ندامێكى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق ئاشكرایده‌كات، له‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ لیژنه‌یه‌ك دروستده‌كرێت بۆ به‌دواداچوونى كه‌موكوڕییه‌كان و گرفته‌كانى وه‌زاره‌تى دارایی و چاره‌سه‌ركردنى…
Total
0
Share