بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی سۆران ئاشکرایکرد دوای ئەوەی ژنێک دەکەوێتە ڕووباری گەلی عەلی بەگ و هاوسەرەکەی ڕزگاری دەکات، نەیتوانیوە خۆی ڕزگاربکات و خنکاوە.
لە ڕاگەیەندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی سۆران ڕایگەیاند، لە رووداوێکی خنکاندا لە ڕووباری گەلی عەلی بەگ کەسێک لەکاتی ڕزگارکردنی خێزانەکەی لە خنکان خۆی خنکاوە.
بەپێی وتەی دلڤین کەماڵ هاوسەری ئەو کەسەی خنکاوە، ” سەرەتا (دلڤين) نزیک دەبێتەوە لە کەناری ڕووبارەکە دەکەوێتە ناو ڕووبار لەلایەن پياوەكەى (هەرێم محمد مولود) ڕزگار دەکرێت بەڵام (هه رێم) نەیتوانیوە گیانی خۆی ڕزگار بکات و لەنێو ڕووبارەکەدا خنکاوە”.
ئەو کەسەی خنکاوە ناوی هەرێم محەمەد مەولودە و تەمەنی 28 ساڵە و پیشەی کاسبە، هەرێم دانیشتووی پارێزگای هەولێرە و لەبنەڕەتدا خەڵکی پارێزگای کەرکوکە، بەمەبەستی گەشتیاری ڕوویان لەو ناوچەیە کردووە.
تەرمی هەرێم محەمەد لەلایەن تیمی مەلەوانیی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی سۆرانەوە دەرهێنراوە و ڕەوانەی پزیشکی دادی سۆران کراوە.