ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، بەپێی یاسای بودجەی 2021، دەبوایە ڕاژەی فەرمانگە فیدراڵییەکان کە لەهەرێمی کوردستانن بگوازرێتەوە بۆ سەر بەغداد، بەڵام زیاتر لە پێنج مانگە حکومەتی هەرێم وەڵامی نووسراوێکی وەزارەتی دارایی فیدراڵی نەداوەتەوە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە.
هۆشیار عەبدوڵڵا، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبوك نووسیویەتی، “وەک ئەندامی لیژنەی دارایی پرسیارێکمان ئاراستەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ کردووە بۆ گواستنەوەی ڕاژەی فەرمانگە فیدراڵییەکان کە لەهەرێمی کوردستانن بۆسەر بەغداد، بەڵام لە وەڵامدا وەزارەتی دارایی پێیڕاگەیاندون کە پێنج مانگ لەمەوبەر نووسراویان بۆ هەرێم کردووە و وەڵامیان نەدراوەتەوە”.
ئەندامەكەی لیژنەی دارایی باسی لەوەشكردووە، “حزبایەتی و کاری سیاسیی لێدەرکەی، لە هەموو ڕوویەکەوە لە بەرژەوەندیی ئەو فەرمانگانە و تەنانەت حکومەتی هەرێمیش بوو ئەوانە ڕاژەکانیان بگوازرێتەوە”.
پەرلەمانتارەكەی گۆڕان پێشیوایە، بەگواستنەوەی ڕاژەكانیان بارگرانی لیستی مووچەخۆرانی هەرێمی سوکتر دەكرد و وەک هەموو فەرمانگەیەکی تری فیدراڵی مووچەیان دوانەئەکەوت، هەروەها پێشینە و مافە داراییەکانی تریش دەیانگرتەوە.
هۆشیار عەبدوڵڵا جەخت لەوەشدەكاتەوە، حکومەتی هەرێم دەیەوێت ئەو دەرفەتە لەدەستبدات کە لە یاسای بودجەی 2021 بۆ پرسی چارەسەری فەرمانگە فیدراڵییەکان بە یاسا جێگیریانکردووە.