سکرتێری حزبی دێموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، ڕەنگە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە مووشەک هێرشبکاتە سەرمان، بەڵام ئەوە جووڵانەوەی هۆشیاری و سیاسی لە ڕۆژهەڵات لەناونابات.
لەگەڵ هەڕەشەکانی محەمەد پاکپور، فەرماندەی هێزی زەمینیی سوپای پاسداران سەبارەت بە بۆردومانكردنی بنکەی حزبەکانی ڕۆژهەڵات لە خاکی هەرێمدا، خالید عەزیزی، سکرتێری حزبی دێموکراتی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەڤیزیۆنی ئێران ئینتەرناسیۆناڵ، ڕایگەیاند، ” لەماوەی 40 ساڵی ڕابردوودا کۆماری ئیسلامیی ئێران بڕوای بە زمانی گفتوگۆ نەبووە، بەڵکو تەنها هێرش و تاوانی بەرامبەر نەیارانی ئەنجامداوە، بۆیە هەڕەشەکانی ئەو فەرماندەیەی سوپا شتێکی ئاساییە، بەڵام دەکرێت پەیامێکی کۆماری ئیسلامیشی تێدابێت.”
عەزیزی وتی، “کۆماری ئیسلامی دەیەوێت پشێوی و ناسەقامگیرییەک لەناوچەکە دروستبکات، بەوەش کێشە و قەیرانەکانی خۆی بشارێتەوە، بەڵام پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بۆردومان و کێشە دروستکردن چارەسەر نابێت.”
سکرتێری حزبی دێموکراتی کوردستان دەڵێت، کۆماری ئیسلامیی ئێران دەیەوێت بەناوی سەقامگیری لە ڕۆژهەڵات هێرشبکاتە سەر حزبە کوردییەکان، بەڵام حزبەکەی ڕێز لە سەروەریی خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان دەگرێت و خاکی هەرێم بۆ هێرشکردنەسەر ئێران بەکارناهێنن.
دوێنێ فەرماندەی هێزی زەمینیی سوپای پاسداران هۆشداری دا بە هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان نزیکی بنکە و بارەگاکانی حزبەکانی ڕۆژهەڵات نەکەون، چونکە وەڵامی ئەو حزبانە دەدرێتەوە.