پۆلیسی سلێمانی تۆمەتبارێکی دەستگیرکرد کە تەقەی لە هاوسەرەکەی کردبوو

پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند، مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی ڕزگاری تۆمەتبارێکیان دەستگیرکرد کە تەقەی لە هاوسەرەکەی کردبوو و دواتر هەڵاتبوو.

لە ڕاگەیەندراوێكدا بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەكردووە، “دوای ئەوەی ھێزەکانی پۆلیسی سلێمانی ئاگادارکرانەوە لە ڕووداوێکی تەقەکردن لە سنووری بنکەی پۆلیسی ڕزگاری، دەستبەجێ ھێزەکانی پۆلیس گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و دەرکەوت کە ئافرەتێک بەفیشەک برینداربووە، دواتر بریندارەکە بۆ نەخۆشخانە گواسترایەوە و لێکۆڵینەوە بۆ دۆزینەوە و دەستگیرکردنی تۆمەتبار دەستیپێکرد”.

پۆلیس باسی لەوەشكردووە، ڕووداوەکە بەهۆی کێشەی خێزانییەوە بووە و بریندارەکەش لە نەخۆشخانەیە و چارەسەری پزیشکی وەردەگرێت و دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، هەمان شەو توانرا تۆمەتبار (س، م، م) لەدایکبووی 1976 لەلایەن بنکەی پۆلیسی ڕزگارییەوە دەستگیربکرێت و دەستیشبگیرێت بەسەر دەمانچەکەیدا.

ڕوونیشیكردووەتەوە، لە ئێستادا تۆمەتبارەكە بەبڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 31/405 لەیاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.

بابەتی پێشتر

ڕیبێری ئەم وەرزەش لە خولی ئیتاڵیا یاریدەکات

بابەتی دواتر

سێ کارمەندی نەخۆشخانەی شەهید هەژار لەسەر کەمتەرخەمی بەرامبەر نەخۆشێک سزادران

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share