دادگا كاتی زیاتر دەدات بە هەدەپە بۆ بەرگریكردن لە خۆی

دادگای دەستووریی توركیا، داواكەی “هەدەپە”ی قبوڵكرد و كاتی زیاتر دەدرێت بەو پارتە بۆ ئەوەی بەرگری لەخۆی بكات.

 دوای بڕیاری دادگای توركیا بۆ داخستنی پارتی دیموكراتی گەلان “هەدەپە”، ئەو پارتە داوایەكی ئاراستەی دادگا كرد بۆ ئەوەی كاتی زیاتری پێبدرێت تاوەكو بەرگری لەخۆی بكات.

بەگوێرەی زانیارییەكان، پێشتر و دوای داواكەی حكومەتی توركیا لە دادگا بۆ داخستنی هەدەپە، ئەو پارتەی باكووری كوردستان داوایكردبوو كاتی پێبدرێت، بۆیە كۆمەڵەی گشتیی دادگای دەستووریی توركیا ماوەی دوو مانگ كاتی پێبەخشی، لەگەڵ ئەوەشدا ڕێوشوێنەكانی بۆ داخستنی پارتەكە گرتەبەر.

دواتر لیژنەی یاسایی لە هەدەپە داوایكرد ماوەكە بۆ چوار مانگی تر درێژبكرێتەوە، دوای تاوتوێكردنی داواكارییەكە، دادگای دەستووری بڕیاریدا هاوشێوەی كەیسەكانی پێشووی داخستنی هەدەپە، كاتی زیاتر بدات بەو پارتە بۆ ئەوەی بتوانێت لەو ماوەیەدا بەرگری لەخۆی بكات، بەڵام كاتەكە دادگاكە دیاریكردووە و بریتییە لە بەخشینی 60 ڕۆژ بە هەدەپە بۆ پێشكەشكردنی بەرگریی بەرایی و 30 ڕۆژی تریش بۆ ئامادەكردنی بەرگریی سەرەتایی لەو كەسانەی داواكراوە كاری سیاسییان لێقەدەغە بكرێت.

تۆمەتەكانی دەوڵەتی توركیا كە لەڕێگەیانەوە كار بۆ داخستنی هەدەپە دەكات، بریتین لە ناوزەدكردنی پارتی دیموكراتی گەلان “هەدەپە” بەوەی “پارتێكی نادیموكراتە و كار لەگەڵ پەكەكەدا دەكات و هەوڵی ڕووخاندنی دەوڵەتی توركیا دەدات”.

بابەتی پێشتر

ئاسیا "مۆندیالی دوو ساڵە"ی بەدڵە

بابەتی دواتر

وەزارەتی تەندروستیی هەرێم ڕێنمایی دەداتە ژنانی دووگیان

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share