وەزیری نەوتی ئێران ڕایدەگەیەنێت، گەمارۆكانی ئەمریكا بووەتەهۆی بێبەشبوونی وڵاتەكەی لە زیاتر لە 100 ملیار دۆلاری داهاتی نەوت.
جەواد ئەوجی، وەزیری نەوتی ئێران لەمیانەی یەكەم بەشداریكردنیدا لە كۆبوونەوەی ئۆپیك+ ڕایگەیاند، گەمارۆكانی ئەمریكا بووەتە هۆی بێبەشكردنی ئێران لە بەرهەمهێنانی ملیارێك و 800 ملیۆن بەرمیل نەوت و زیاتر لە 100 ملیار دۆلاری داهاتی نەوت لەماوەی نێوان نیسانی 2018 بۆ 2021.
لەكاتێكدا ئێران پێویستییەكی زۆری بە فەراهەمكردنی پێداویستییەكانی وڵات هەبووە لەوانەش ئەوەی پەیوەندی بە ڕوبەڕوبوونەوەی پەتای كۆرۆناوە هەیە، وەك ئەوەی ئەوجی دەیڵێت.
دوپاتیشیكردەوە، “سەپاندنی ڕێوشوێنەكانی قەدەغەی نایاسایی و یەكلایەنانە لەلایەن ویلایەتە یەكگرتووەكانەوە بۆسەر دوو لە ئەندامە دامەزرێنەرەكانی ڕێكخراوی ئۆپیك، پێچەوانەیە لەگەڵ بنەما و یاسا نێودەوڵەتییەكان”.
دوێنێ كۆبوونەوەی ئۆپیك+ بەڕێوەچوو، بەپێی وتەی ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق ڕێككەوتن كراوە لەسەر زیادكردنی بەرهەمهێنانی نەوت لە تشرینی یەكەمی داهاتووەوە بە بڕی 400 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە.