قوباد تاڵەبانی و شاناز ئیبراھیم ئە‌حمە‌د لەگەڵ سەرکردایەتیی یەکێتی لە سلێمانی کۆبوونە‌وە‌

قوباد تاڵەبانی بە یاوەریی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی سلێمانیی یەکێتیی نیشتمانیی كوردستان کۆبووه‌‌وە‌ بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی ئامادەکارییەکانی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنى نوێنەرانی عێراق.

لە کۆبوونەوەکەدا کە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ (28ی ئابی 2021) لە‌ ھۆڵی “دادە‌ ھێرۆ” لە‌ مە‌ڵبە‌ندی ١ی رێکخستنی سلێمانی بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی باسی لە ئامادەکارییەکانی هاوپەیمانیی کوردستان کرد بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن و جەختیکردەوە کە دەبێت تیمەکانی یەکێتی و گۆڕان هەماهەنگیی تەواو لەنێوانیاندا هەبێت و پێکەوە لە هەموو بازنەکان کاربکەن بۆ سەرخستنی کاندیدەکانی هاوپەیمانیی کوردستان.

قوباد تاڵەبانی ڕاشیگەیاند: “سەرکەوتنی هاوپەیمانیی کوردستان سەرکەوتنی ئیرادەی چارەسەری کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێم و بەغدایە، بۆیە پێویستە سەرکردایەتی و کادرانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە هەموو توانایانەوە کاربکەن بۆ سەرخستنى”.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا شاناز ئیبراهیم ئەحمەد ئامادەكارییەكانی هەڵمەتی هەڵبژاردنی خستەڕوو لەڕووى دابەشکردنی ئەرک و کارەکان و ھە‌ماھە‌نگی لە‌گە‌ڵ بزووتنەوەی گۆڕان، لەوبارەیەوە جەختیكردەوە: لەگەڵ دەستپێکردنی هەڵمەتی بانگەشەی هاوپەیمانیی کوردستان هەموو تیمەکان دەبێت بەپێی ئەو بەرنامە و پلانەی بۆیان دیاریکراوە بەشێوەیەکی ڕێكخراو هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن بەڕێوەببه‌ن لە‌پێناو سە‌رپێخستنی پلانی ھاوپە‌یمانیی كوردستان و ناساندن و سەرکەوتنی كاندیدە‌كانی.

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد وتیشی، “بەجۆش و خرۆشەوە بانگەشەى هەڵبژاردن بەڕێوەدەبەین و پێکەوە لەگەڵ بزووتنەوەى گۆڕان دەست لەناو دەست دەبین بۆ سەرخستنی کاندیدەکانی هاوپەیمانیی کوردستان و پاراستنی هێمنی و ئارامیی شارى سلێمانی، تا ئەم هەڵبژاردنە بکەینە مەشخەڵى سەرکەوتنی هاوپەیمانیی کوردستان کە بەرهەمی ئەم رێککەوتنەی یەکێتی و گۆڕانیش ڕۆحی هەردوو ڕابەرى کۆچکردوومان سەرۆک مام جەلال و کاک نەوشیروان، شاد بکات”.

دواتر ئامادە‌بووان سە‌رنج و تێبینیی خۆیان خستە‌ڕوو و جە‌ختیشیان کردەوە كە‌ ھاوپە‌یمانیی كوردستان لە‌ بە‌غداد ھۆكارێك دە‌بێت بۆ بە‌دیھێنانی مافی رە‌وای گە‌لی كوردستان.

 

بابەتی پێشتر

ئاڵای ئەمریکا لە کونسوڵخانەی هەولێر هێنرایە خوارەوە

بابەتی دواتر

ئه‌وه‌ی تۆم كروز له‌ فیلمدا ده‌یكات دزه‌كان به‌سه‌ر خۆیدا هێنایان

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share