هێزەكانی توركیا لە گەورەترین خاڵی چاودێری لە باكوری ڕۆژئاوای سوریا كشایەوە، پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە ساڵێك بەسەر گەمارۆدانی لەلایەن هێزەكانی ڕژێمی دیمەشقەوە.
گەورەترینی ئەو خاڵی چاودێرییانە دەكەوێتە شارۆچكەی مورك لە ڕیفی حومای باكور و نزیك لە باشوری ئیدلب، لەلایەن هێزەكانی سوریاوە لە ئابی 2019ەوە بەتەواوی گەمارۆدراوە.
ئاژانسی فرانس پڕێس لەسەر زاری سەركردەیەكی گروپێكی چەكداری پشتیوانیكراو لەلایەن توركیاوە ڕایگەیاند، هێزەكانی توركیا لە نیوەشەوی ڕابردوەوە دەستیانكردووە بە چۆڵكردنی خاڵی مورك، بەرەبەیانیش كاروانێكی گەورەی سەربازی لێی دەرچووە.
ئاژانسەكە ئاشكراشیكردووە لە شوێنی تێپەڕبوونی كاروانەكە ڕێوشوێنی ئەمنی توندوتۆڵ گیراوەتەبەر.
بەپێی ڕوانگەی سوریا بۆ مافەكانی مرۆڤیش توركیا ئامادەكاری دەكات بۆ چۆڵكردنی چەند خاڵێكی تری چاودێری تا لە شوێنی تر هێزەكانی جێگیربكات.
تائێستاش دەسەڵاتدارێتی ئەنقەرە هیچ ڕاگەیەنراوێكی دەربارەی كشانەوەی هێزەكانی و ئاراستەی داهاتوویان بڵاونەكردووەتەوە.