قەرەیلان: هێزەكانی پارتی دەستیان بە جوڵە كردووە و لە ئامادەباشیدان بۆ شەڕ

موراد قەرەیلان ڕایدەگەیەنێت، پەیوەندییەكانی پارتی و توركیا خزمەت بە گەلی كورد ناكەن و دەشڵێت، هێزەكانی پارتی دەستیان بە جوڵە كردووە و لە ئامادەباشیدان بۆ شەڕ و باس لەوەشدەكات كە “ئەگەر لەبەر ئێمە نەبێت، تورک هێرش دەکاتەسەر هەولێر”.

موراد قەرەیلان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پارتی كرێكارانی كوردستان (پەکەکە) ڕایگەیاند كە هێزەکانی پارتی دیموكراتی كوردستان دەستیان بە جووڵە کردووە، لە حاڵەتی ئامادەباشیدان بۆ شەڕ و وتی، “ئەگەر چاودێریەکی جددی و زانیاری جددیمان نەبوایە، ئەم شتانەمان نەدەوت، لەبەرئەوەی ئێمە هەموو کاتێک خۆشبینین، بەڵام ئێستا کە سەیری دەکەین بە ڕاستی ئامادەکاریەک دەبینین. بەم ئامادەکاریە دەیانەوێت چی بکەن. بۆ نمونە لە هەرکوێ خاڵێکمان هەبێت، دەیانەوێت یەکسەر هێزێک لەوێ جێگیر بکەن. لەنێوان دوو هێزماندا ڕێگایەک هەبێت، دەیانەوێت لەوێ بارەگایەک دروست بکەن. باشە مەبەستیان لەمە چییە؟”

وتیشی، “ئەگەر لەبەر ئێمە نەبێت، تورک هێرش دەکاتەسەر هەولێر، هیچ کاتێک تورک ڕێگانادات کە کورد ببێتە خاوەن دەستکەوت، بەڵام لەبەرئەوەی لە ئێستادا پەکەکە هەموو جێگایەک دەپارێزێت، ئامانجی سەرەتا پەکەکەیە”.

ئەو لێدوانانەی قەرەیلان لە بەرنامەیەکی تایبەتی (ستێرک تی ڤی)دایە کە بڕیارە سبەی ئێوارە بڵاوبکرێتەوە و ئەمڕۆ دووشەممە 26ی تشرینی یەكەم چەند بەشێكی لە میدیاكانی نزیك لە پەكەكەوە بڵاوكرایەوە.

ئەندامەكەی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەكەكە ئەوەشی وت، “پەیوەندییەکانی پارتی و تورکیا، هاوکارییەکانی هەواڵگری و پەیوەندی تر. خزمەتی گەلی کورد ناکەن. لە ڕاستیدا لە خزمەتی پارتیشدا نین. پێدەچێت بۆ ماوەیەکی کاتی وەک خزمەتێک بۆ ئەوان ببینرێت، بەڵام ئەوە مەترسیە بۆ سەر کورد”.

هەروەك ڕەتیشیكردەوە دەستیان لە كوشتنی بەڕێوبەری ئاسایشی سەرزەلدا هەبوبێت و وتی، “هیچ بڕیارێکمان نییە کە لە باشوور لەدژی لایەنەک یان لە دژی بەرپرسێکی حکومەتی هەرێم چالاکی و هێرش ئەنجام بدەین”.

قەرەیلان هۆشداری ئەوەشیدا كە تا ئێستا کورد هیچ کاتێک سوودی لە شەڕی ناوخۆیی دەستنەکەوتووە و ئەوەی وت، “ئێمە لە دۆخێکداین کە چارەنووسی کورد دیار دەبێت. بۆیەش ئەگەر گەلی کوردستان ئێستا بکەوێتە ناو شەڕێکی ناوخۆییەوە لە ڕووی ستراتیژیەوە تێکدەشکێت”.

هەروەها ڕوو لە مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دەكات و دەڵێت، “بە تایبەتی دەمەوێت بانگ لە کاک مەسعود بکەم، ئاگاداری ئەم دۆخەی یان نە؟ نازانم بۆچوونی لەمبارەیەوە چۆنە، لەبەرئەوەی تا ئێستا قسەی نەکردووە. دەمانەوێت بۆچوونی کاک مەسعود بزانین. واتە ئەم شتانە بۆچی دەکرێن؟ ئێمە دەمانەوێت تیشک بخاتەسەر ئەم پرسە. بە هەموو شێوەیەک ئامادەین کێشە ناوخۆییەکانمان لە رێگەی دیالۆگەوە چارەسەربکەین، بەڵام ئەگەر تۆ بێیت و هێزێک لە چەپ و ڕاستەوە گەمارۆ بدەی و جێگاکەی تەسک بکەیتەوە، ئەگەر داواکاریش نەبێت، بەڵام شەڕ ڕوودەدات”.

لە كۆتایشدا دەڵێت، “پرسی نێوان پارتی و پەکەکە پرسێکی نێوان دوو حزب نییە، ئەم پرسە پەیوەندی بە هەموو کوردێکەوە هەیە. بۆیەش بڕوام وایە پێویستە هەموو کەسێک سەرقاڵی ئەم پرسە بێت. لەم ڕووەوە ئێمە ئامادەین هەر کێشەیەک هەیە دەتوانین لەژێر چاودێریدا گفتوگۆی لەسەر بکەین. ئێمە بۆ هەموو شتێک ئامادەین. بە کورتی چاوەڕێ دەکەین کە ڕێگری لە دۆخێکی نەرێنی کە ئەگەری هەیە ڕووبدات بکەین، چونکە ئاشکرایە کە مەترسی هەیە. ئێمە دەمانەوێت کوردستان لەناو ئارامیدا بێت. لەبەرئەوەش دەمانەوێت چارەسەریەک بۆ ئەم دۆخە بدۆزرێتەوە”.

بابەتی پێشتر

وەزیرێكی تری ئێران دەخرێتە لیستی ڕەشەوە

بابەتی دواتر

‘باڵیۆزخانەی ئەمریكا بنكەیەكی سەربازییە و عێراق و ئێران قودس ڕزگاردەكەن’

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share