خانەقین.. دوو كامپی ئاوارەكانی سنوورەكە چۆڵدەكرێن

وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق ڕایگەیاندووە، پێنج كامپی ئاوەرەكان لە سنووری بەغداد و دیالە دادەخرێن، بەڕێوبەری كامپی ئاوارەكانی خانەقینیش ئاشكرایكرد، دوو لەو كەمپانە دەكەونە سنووری ئەوانەوە.

عەلی غازی ئاغا، بەڕێوبەری فەرمانگەی كۆچ و كۆچبەرانی خانەقین بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “كامپێكمان هەیە لە بەعقوبە كامپی سەعد-ی پێدەڵێن، ئەوە لەم هەفتەیەدا دادەخرێت و بریاریش هەیە كامپی ئەڵوەند دوو-ش دابخرێت”.

سەبارەت بە هۆكاری داخستنی ئەو كەمپانە عەلی ئاغا وتی، “ژمارەی ئاوارەكان كەمبوونەتەوە و ئەوانەشی ڕێگەپێدانی ئەمنییان نییە بۆیانمان كردوون، ئەوانەی كێشەیان هەیە سەرجەمیان چارەسەربوون و دەتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان”.

لە ئەڵوەندی یەك ئێستا 527 خێزان ماون و لە ئەڵوەندی دوو-ش 160 خێزان، بەرێوبەری فەرمانگەی كۆچ و كۆچبەرانی خانەقین ڕایگەیاند، “ئەوانەی لە ئەڵوەندی دوون هەوڵدەدەین سەرجەمیان بگەڕێنەوە ناوچەكانی خۆیان گەر كەسێكیش هەبوو دۆسییەی ئەمنی هەبوو ئەوا دەیگوازینەوە بۆ ئەڵوەندی یەك”.

هەماهەنگیی فەرمانگەكەی خانەقین لەبارەی چۆڵكردن و گەڕاندنەوەی ئاوارەكان بۆ زێدی خۆیان، لەگەڵ هێزە ئەمنییەكانی دیالەیە كە سەربە عێراقن نەك هەرێمی كوردستان.

وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە 20ی تشرینی یەكەم ڕایگەیاند، “نزیكەی 5 هەزار خانەوادەی ئاوارە سودمەند دەبن لە هاوكاریی دارایی یەك ملیۆن دیناری و 500 هەزار دیناری تایبەت بەو خانەوادانەی دەگەڕێنەوە ناوچەكانی خۆیان”.

وەزارەتەكەی عێراق ئاشكراشیكردووە، “بە ڕێنمایی مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق پێنج كامپی ئاوارەكان لە نزیكترین كاتدا لە سنووری بەغداد و دیالە دادەخرێن”.

چارەنوسی ئاوارەكان گەرمیان بەكوێ دەگات؟
لە گەرمیان كە هاوسنووری شاری خانەقینە، گەڕانەوەی ئاوارەكان جیاوازە، لە هەردوو كەمپی تازەدێ و قۆرتوو تا ئێستا ژمارەیەكی زۆر خانەوادەی ئاوارە ماون، ئەوانەشی دەگەڕێنەوە بە خواستی خۆیان بڕیاری گەڕانەوە دەدەن.

ئەفراسیاو مەحمود، بەڕێوەبەری كەمپی قۆرەتوو لە گەرمیان لە 30ی ئاب بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “لە كەمپەكانی گەرمیان بڕیاری گەڕانەوەی ئاوارەكان لای خۆیانە، تەنها لە مانگی ئابی ئەمساڵدا لە كامپی قۆرەتوو نزیكەی 50 خانەوادە گەڕاونەتەوە ناوچەكانی خۆیان، هۆكاری گەڕانەوەكەشیان بۆ بێزاربوون لە ژیانی كامپ گەڕاندووەتەوە”.

لەپاش سەرهەڵدانی داعش لە عێراق و داگیركردنی چەند ناوچەیەك، بەگوێرەی ئامارێكی نەتەوەیەكگرتووەكان، لە عێراقدا نزیكەی یەك ملیۆن و 900 هەزار كەس لەناوخۆدا ئاوارە بوون، بەشی هەرەزۆری ئەو ڕێژەیەش هاتنە سنووری هەرێمی كوردستان.

هەرێم و عێراق هەماهەنگی دەكەن لەو كەیسەدا
نیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە 15ی تشرینی یەكەمی 2020 شاندی هەرێم بە سەرۆكایەتیی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ شاندی حكومەتی عێراق بە بەشداری خالد بەتال نەجم، وەزیری پلاندانان و ئیڤان فایەق، وەزیری كۆچ و كۆچبەران لە هۆڵی سەعد عەبدوڵا لە هەولێر دەستپێكرد.

كۆبوونەوەكە تایبەت بوو بە تاووتوێكردنی پرسی ئاوارەكان لە هەرێم و میكانیزمی گەڕاندنەوەیان بۆ ناوچەكانی خۆیان.

بەپێی زانیارییەكانی تۆڕی میدیایی ئێستا كە لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێم دەستیكەوتوون، نزیكەی یەك ملیۆن ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی كوردستان هەن كە لەو ژمارەیە نزیكەی 750 هەزاریان ئاوارەی ناوخۆن و لە پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە هاتوون، نزیكەی 250 هەزاریشیان ئەو ئاوارانەن كە لە ڕۆژئاوای كوردستان و سوریاوە هاتونەتە هەرێم، جگە لە 8 هەزار ئاوارەی توركیا و زیاتر لە 10 هەزار پەنابەری ئێرانی.

بابەتی پێشتر

پارێزگاری سلێمانی: هیچ كەسێك بە ئەنقەست ئاگری لە گۆیژە بەرنەداوە

بابەتی دواتر

توركیا لە گەورەترین خاڵی چاودێری ناو سوریا كشایەوە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

بافڵ جەلال تاڵەبانی: پێشهاتێكی مەترسیدار قوڵایی هەرێمی كوردستانی گرتووەتەوە و داوای دەستبەجێ ڕاگرتنی دەكەین

سەرۆكی یەكێتی نیگەرانی لەبارەی بۆردومانەكانی ئێران بۆ سەر هەرێمی كوردستان دەردەبرێت و دەڵێت، پێشهاتێكی مەترسیدار قوڵایی هەرێمی كوردستانی…
Total
0
Share