چەکدارانی تاڵیبان دەستیان بەسەر کۆشکی کۆماری ئەفغانستاندا گرت و بەرپرسێكی بزوتنەوەكەش دەڵێت، “ئەمارەتی ئیسلامی” ڕادەگەیەنن.
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لەزاری سەرچاوەیەکی بەرپرسی ئەفغانستانەوە بڵاویکردەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە چەکدارانی تاڵیبان گەیشتنە کۆشکی کۆماری لە کابولی پایتەخت.
باسی لەوەشكردووە، لە ئێستادا تاڵیبان هێزەکانی لەناوچەکانی کابوڵی پایتەخت بڵاوکردووەتەوە.
هاوكات ئاژانسی ئەسۆشیەتید پڕێس لەزاری بەرپرسێکی تاڵیبانەوە گواستییەوە، بزوتنەوەکەیان “ئەمارەتی ئیسلامی” لە کۆشکی سەرۆکایەتی ڕادەگەیەنێت.
ئەوەش دوای ئەوەدێت، ئێوارەی ئەمڕۆ ئەشرەف غەنی سەرۆکی ئەفغانستان وڵاتەکەی بەرەو تاجیکستان جێهێشت.
پێشتر ڕۆژنامەی نیۆرك تایمز ئاشكرایكردبوو، واشنتۆن داوای لە تاڵیبان كردووە نەچێتە ناو كابول تا ئەوكاتەی پرۆسەی دەربازكردنی كارمەند و دیپلۆماتكارە ئەمریكی و هاوكارە ئەفغانەكانیان تەواودەبێت.