بۆ گواستنەوەی دەسەڵات تاڵیبان شاندێكی ڕەوانەی كۆشكی سەرۆكایەتی كردووە

چەكدارانی بزوتنەوەی تاڵیبان

بەمەبەستی گواستنەوەی ئاشتییانەی دەسەڵات، بزوتنەوەی تاڵیبان شاندێكی ڕەوانەی كۆشكی سەرۆكایەتیی ئەفغانستان كردووە، وەك ئەوەی میدیاكان ئاماژەی پێدەدەن.

بەپێی پێنوێنییەكانی ڕۆژ دەستبەسەراگرتنی كابول لەلایەن چەكدارانی بزوتنەوەی تاڵیبان تەنها كات، كاتەكەش كەمی ماوە، ئەمەش دوای ئەوەی شار و ناوچەكانی دیكەی وڵاتەكە یەك لەدوای یەك لەلایەن تاڵیبانەوە كۆنترۆڵكران.

وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستان ئەمڕۆ ڕایگەیاند، چەكدارانی تاڵیبان لە سەرجەم لاكانەوە دەستیان بەچوونە ناو كابول كردووە.

ئاژانسی نۆڤۆستی-ی ڕوسی باسی لەوەكرد كە چەكداران دەستیان بەسەر زانكۆی كابول لە ڕۆژئاوای شارەكە گرتووە و ئاڵای بزوتنەوەكەشیان لەسەر لانیكەم یەكێك لە گەڕەكەكان بەرزكردووەتەوە، لە بەرامبەریشدا باس لە چۆڵكردنی بینا حكومییەكان دەكرێت لەلایەن بەرپرسانەوە.

ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری بەرپرسێك لە كۆشكی سەرۆكایەتیی ئەفغانستان ڕایگەیاند، ئەشرەف غەنی، سەرۆكی وڵات لە گفتوگۆدایە لەگەڵ زاڵمای خەلیلزادە، نێردەی تایبەتی ئەمریكا بۆ ئەفغانستان و گەورە بەرپرسانی پەیمانی ناتۆ.

هاوكات ئاژانسی ئەسۆشیەتد پرێس لە زاری بەرپرسێكی ئەفغانییەوە ئاشكرایكرد، تاڵیبان شاندێكی ڕەوانەی كۆشكی سەرۆكایەتی كردووە بۆ وتووێژ لەسەر گواستنەوەی دەسەڵات بۆ وڵات، هەروەك چەند میدیایەكی دیكە دروستی هەمان هەواڵیان دوپاتكردووەتەوە.

تاڵیبان-یش لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، فەرمانی بە هێزەكانی كردووە لە دەروازەكانی كابول بوەستن، بەبێ هەوڵدان بۆ چوونە ناو شارەكە، بەمەبەستی دووركەوتنەوە لە توندوتیژی و دوپاتیكردەوە “نایەوێت بە هێز و جەنگەوە بچێتە شارەكەوە بەڵكو بە ئاشتی دەیەوێت”.

بزوتنەوەكە ئاماژەی بەوەشكرد كە وتووێژ لە ئارادایە بۆ پڕۆسەی گواستنەوە و ڕادەستكردنی كابول و بەرپرسیارێتیی ئاسایشیی شارەكەشی خستەئەستۆی سەرۆك غەنی.

بەڵێنی ئەوەشیدا كە بەرپرسانی سەربازیی ئێستا و پێشووی ئیدارەكەی غەنی لێپێچینەوەیان لەگەڵ ناكرێت و داواشی لە هەمووان كرد “لە شوێن و ماڵەكانیان بمێننەوە و هەوڵ بۆ جێهێشتنی وڵات نەدەن”.

بابەتی پێشتر

پانزەی تەباخ<BR> سی و حەوت ساڵ بەسەر دەستپێكی خەباتی چەكداریی پەكەكەدا تێدەپەڕێت

بابەتی دواتر

وێنە: بەهۆی بێئاوی و چەند گرفتێکی دیکەوە دانیشتووانی تانجەرۆ گردبوونەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share