بە یاسا کارکردنی کۆمپانیا ئەمنییە تایبەتەکان ڕێکدەخرێت

بەپێی پرۆژەیاسایەکی پەرلەمانی کوردستان کاری کۆمپانیا ئەمنییە تایبەتەکان ڕێکدەخرێت و کارکردنی کارمەندانی حکومەت لەو کۆمپانیایانە قەدەغە دەکرێت.

ئەمڕۆ دووشەممە وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر بانگهێشتی لیژنەی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان سەردانی پەرلەمانیان کرد، لە کۆبوونەوەیاندا پرۆژە یاسای ڕێکخستنی کاری کۆمپانیا ئەمنییە تایبەتەکان تاوتوێ کرا.

سەبارەت بە پرۆژە یاساکە ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە پرۆژە یاساکەدا گرنگیی بە کاری کۆمپانیا ئەمنییە تایبەتەکان و دراوە، لەکاتێکدا پێشتر لەڕووی ئەمنی، یاسایی و ئیدارییوە تێکەڵی لە کاری ئەو کۆمپانیایانەدا هەبووە، ئەمەش کاریگەریی لەسەر کاری ئەو کۆمپانیایانە و مامەڵەکردن لەگەڵ هاوڵاتییان وکارمەندانی کۆمپانیاکان هەبووە و بۆشایی یاسایی هەبووە.

مەبەستی سەردانەکەی وەزیری ناوخۆ پێداچوونەوە و تاوتوێکردنی پرۆژە یاساکەبووە تاوەکو لە پەرلەمانی کوردستان تێپەڕێنرێت.

پرۆژە یاساکە پێشتر لە ئەنجومەنی وەزیران پەسەندکراوە و ڕەوانەی پەرلەمانی کوردستان کراوە، بەپێی پرۆژە یاساکە هەر کارماندێکی حکومەت لەو کۆمپانیایانە کاربکات کۆتایی بە کارکردنی دەهێنرێت و تەنها ئەوانەی کارمەندی حکومەت نین دەتوانن کاربکەن تێیاندا.

وەزیری ناوخۆی حکومتی هەرێم وتیشی، “لەیاساکەدا کاری کۆمپانیاکان و دامەزراندنی کارمەند و مامەڵەکردن بە چەک و ئۆتۆمبێلی زرێپۆش ڕێکخراوە، دوای دەرچوونی یاساکە دڵنیادەبین لەوانەی کار لەو کۆمپانیایانەدا دەکەن، نابنە مەترسیی ئەمنیی بۆسەر هاوڵاتییان”.

کاری کۆمپانیا ئەمنییە تایبەتەکان پێشتر بەپێی ڕێنمایی ڕێکخرابوو هیچ یاسایەک بۆ کارکردنیان تائێستا نییە، لەوبارەیەوە ڕێبەر ئەحمەد ڕایگەیاند، “دەبێت کارەکانیان لەژێر یاساکە و بەڕەزامەندیی وەزارەتی ناوخۆ بکرێت، وەزارەتی ناوخۆش هەماهەنگیی پێویست دەکات لەگەڵ کۆمپانیا ئەمنییە تایبەتەکان”.

یەکێکی دیکە لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە، کامێرا چاودێرییەکان بوو، کە پێشتر دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە دەدرێت بە کەرتی تایبەت وەزیری ناخۆ جەختیکردەوە پۆلیسی هاتوچۆ چاودێری ئەو کامێرایانە دەکات، “ئێمە ئەو دەنگۆیە ڕەتدەکەینەوە و هیچ بنەمایەکی نییە، ئەوەی هەیە کەرتی تایبەت و کەرتی گشتی بە هاوبەشی سیستمێک دادەمەزرێنن کە تێچووەکەی 53 ملیار دینارە، حکومەت ئێستا ناتوانێت ئەو خەرجییە دابینبکات بۆیە کەرتی تایبەت لەسەر ئەرکی خۆی پرۆژەکە جێبەجێ دەکات و ماوەی چەند ساڵێکی بۆ دانراوە کە بگاتەوە بڕە پارەی بنەڕەتی خۆی و لەهەمان کاتدا حکومەتیش داهاتێکی بۆ دەگەڕیتەوە”.

پڕۆژەکە بەپێی ڕێککەوتنی حکومەت و کەرتی تایبەت تا کاتێک دەگاتەوە پارەی بنەڕەتیی خۆی 70%ی داهاتەکەی بۆ کۆمپانیا دەبێت و 30%ی بۆ حکومەت دەبێت.

دوای ئەوە %80ی بۆ حکومەت و %20ی بۆ کۆمپانیاکە دەبێت، سەرجەم کار و ڕێنماییەکانیش لەژێر چاودێریی پۆلیسی هاتوچۆدا دەبێت.

پرۆژەکە بۆ سلێمانی، هەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەڕینە ، بەڵام وەزیری ناوخۆ باسیلەوەکرد، هەوڵدەدەن بۆ هەولێر و دهۆکیش هەمان پرۆژە جێبەجێبکەن.

تائێستا نزیکەی 67 بۆ 68 کۆمپانیای ئەمنیی تایبەت لە هەرێمی کوردستان هەن، بڕیارە دوای دەرچوونی یاساکە هەر کۆمپانیایەک کارەکانی لەگەڵ یاساکەدا نەگونجێنێت مۆڵەتەکەی بۆ نوێنەکرێتەوە.

بابەتی پێشتر

سكاڵای یاسایی لەدژی حەسەن ڕوحانی و وەزیری نەوت تۆماركرا

بابەتی دواتر

لە مەخمور داعش هێرشی کردە سەر بازگەیەکی هێزە ئەمنییەکان

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share