تەندروستیی هەڵەبجە: دۆخەكە نزیكە لەوەی لەژێر كۆنترۆڵ دەربچێت

تەندروستیی هەڵەبجە هۆشداری دەدات لە دۆخی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە شارەکە و دەڵێت، نزیكە لەوەی لە كۆنترۆڵ دەربچێت.

لە ڕاگەیەندراوێکدا، کە وێنەیەکی بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا نێردراوە، تەندروستیی هەڵەبجە ڕایگەیاندووە، “دۆخی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەتەواوەتی لە ئاماری  توشبوواندا گەیشتووەتە ئاستێکی زۆر مەترسیدار، بەشێوەیەک کە نزیک بووەتەوە لەوەی لەژێر کۆنتڕۆڵی دامەزراوە تەندروستییەکانی پارێزگای هەڵەبجە دەربچێت”.

تەندروستیی هەڵەبجە ئاماژەی بەوەشکردووە، “بەهاوشارییانی ئازیزانمان ڕادەگەیەنین، لە کۆی 200 پشکنین، زیاتر لە 130 پشکنین هەڵگری ڤایرۆسەکەن، کە ڕێژەکە دەگاتە 65٪ی کۆی پشکنینەکان و بەداخەوە لە ئێستادا نەخۆشخانەی وەفا توانای وەرگرتنی نەخۆشی ئەوتۆی نەماوە لەژووری چاودێریی چڕ، هەروەها چەندان نەخۆشیی دیکە هەیە، کە پێویستیان بەژووری چاودێریی چڕ هەیە، بەڵام ناتوانرێت داخڵبکرێت، لەهەمان کاتیشدا لەقاوشدا توانای ڕێژەیەکی ئێجگار کەمی ماوە بۆ داخڵکردنی نەخۆش”.

بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی هەڵەبجە هۆشداریداوەتە هاوڵاتییان داوایکردووە، “بۆئەوەی چیدیکە لەوە زیاتر فشار و پاڵەپەستۆی زیاتر بۆ کارمەندان و دامەزراوە تەندروستییەکان دروستنەبێت، بەشێوەیەک بەدیار مەرگی ئازیزان و خۆشەویستانمانەوە دۆش دابمێنین، داواتان لێدەکەین مەودای کۆمەڵایەتی بپارێزن، دەمامک بەکاربهێنن، دووربکەونەوە لە شوێنی قەڕەباڵغ و ڕێنماییە تەندروستیەکان جێبەجێبکەن و بەدەمەوەهاتن هەبێت بۆ وەرگرتنی پێكوتەی كۆرۆنا”.

بابەتی پێشتر

گەیشتە ڕوسیا و كەنەداش.. دارستانەكانی جیهان لەبەردەم بڵێسەی ئاگردان

بابەتی دواتر

چەمچەماڵ.. داوای جێبەجێکردنی پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە - چەمچەماڵ دەکرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share