سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، دۆسیەی ئێزدییەكان بە یەكێك لە پێشینەكانی گرنگیپێدانی حكومەت دادەنرێت.
مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا بەبۆنەی حەوتەمین ساڵیادی تاوانەكانی داعش دژ بە هاوڵاتییانی ئێزدی ڕایگەیاند، حەوت ساڵ بەسەر تاوانی تیرۆر بەرامبەر ڕۆڵەكانی گەلی ئێزدییماندا تێدەپەڕێت، گەلەكەمان تائێستا بەدەنگێكی ڕوون و ویژانێكی زیندوو دژ بەو تاوانە قێزونە دەوەستێتەوە كە تیایدا تیرۆر ناوەرۆكی دژ بە مرۆییانەی خۆی نیشاندا.
كازمی وتیشی، “دۆسیەی ئێزدییەكان لە پێشینەی گرنگیپێدانی حكومەت دادەنرێت، كە هیچ كات لە هەوڵدان سڵینەكردووەتەوە بۆ پشتیوانیكردنی ڕزگاربووانی ئێزدی و ئامادەكردنی بەرنامەی حكومی بۆ سەرلەنوێ ڕاهێنانەوەیان، جگە لە هەوڵەكانی حكومەت بۆ سەرلەنوێ گەڕاندنەوەی ئاوارەبووان بۆ ناوچەكانیان”.
دوپاتیشیكردەوە، “دۆسیەی ڕفێندراوانی ئێزیدی گرنگی تایبەتی لامان هەیە، كاری گەورە و بەردەوام لەئارادایە لەپێناو ئازادكردنیان لە باندەكانی داعشی تیرۆرست”.
سەرۆك وەزیرانی عێراق داواشیكرد، ساڵیادی تاوانەكە ببێتە پاڵنەری زیاتری پێكەوەبوون و برایەتی لەنێو ڕۆڵەكانی یەك وڵاتدا.