كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق ئامانجە ستراتیژییەكەی ئێران دەهێنێتەدی؟

وێنە گەورەكە لەسەر ئاستی دوور مەودا جوڵەكردنە لە بەرژەوەندی ئێران

دوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە ئەفغانستان نۆرە هاتەسەر عێراق. دوابەدوای سەردانەكەی مستەفا كازمی بۆ كۆشكی سپی و گفتوگۆكانی لەگەڵ جۆ بایدن، كشانەوەی سەرجەم هێزە شەڕكەرەكانی ئەمریكا لە عێراق تا كۆتایی ئەمساڵ ڕاگەیەنرا، ئەمەش لە چوارچێوەی گفتوگۆی ستراتیژی نێوان هەردوو وڵات.

لێرەدا دوو پرسیار دێنە ئاراوە ئەوانیش، كاریگەرییەكانی ئەو بڕیارە لەسەر ئاستی مەیدانی چی دەبێت، ئایا دەبێتەهۆی دەرگا واڵاكردن بۆ گەڕانەوەی داعش، ئەو گروپەی بووە مایەی ترس بۆ بەشێكی بەرچاوی وڵاتانی ناوچەكە و هۆكاربوو بۆ پەلكێشكردنی شەڕكەرانی جیهادی لە ناوچە دوورەدەستەكانی وەك لەندەن و ئوستراڵیا؟

دوای تێپەڕبوونی 18 ساڵ بەسەر بوونی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق، لەئێستادا ویلایەتە یەكگرتووەكانی تەنها 2500 سەربازی لە وڵاتەكەدا ماوە، هاوشانی ژمارەیەكی سنوورداری هێزی تایبەت كە بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی هێزەكانی داعش لە ئەركدان.

هێزەكانی ئەمریكا لە ئێستادا تەنها لە سێ بنكەدا جێگیركراون، ژمارەكەشیان هێندە نییە بەراورد بە ساڵی 2003 كە 160 هەزار سەرباز بوو.

بەڵام بەمدواییە ئەو بنكانە ڕوبەڕووی هێرشی دووبارە دەبنەوە لەڕێی موشەك و فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە لەلایەن گروپ و میلیشیاكانی نزیك لە ئێرانەوە.

ئەگەرچی چەندین جار ئەوە دووپاتكراوەتەوە كە ئەركی هێزەكانی ئەمریكا لە ئێستادا ڕاهێنان و هاوكاریی هێزە ئەمنییەكانی عێراق كە هێشتا ناوبەناو پێكدادانی لەگەڵ پاشماوەی چەكدارانی داعشدا هەیە، بەڵام بوونی سەربازیی ئەمریكا لە عێراق لەلایەن هەندێك لە هێزەكانەوە مایەی قبوڵ نییە.

سیاسی و گروپەكانی نزیك لە ئێران داوای كشانەوەی ئەو هێزانە دەكەن، بەتایبەت دوای كوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودس و ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی لە كانونی دووەمی 2020 لەلایەن هێزەكانی ئەمریكاوە.

تەنانەت ئەو عێراقییانەی لایەنگری ئەو گروپ و لایەنانە نین خواستیان لەسەر بینینی وڵاتەكەیانە بەبێ بوونی هێزە بیانی، داگیركاری بیانی ئەو پرسەیە كە هەستی عێراقییەكانی لەهەر كات زیاتر داگیركردووە.

هەمان تێڕوانین لەلایەن هەندێك لە كەسە باڵاكانەوە لە واشنتن پشتگیری دەكرێت، بەو مەرجە نەبێتە هۆی “ڕادەستكردنی عێراق بە ئێران”.

كەم نییە ئەو ماوەیەی ویلایەتە یەكگرتووەكان دەیەوێت كۆتایی بەو دۆخە بهێنێت كە بایدن بە “جەنگی بێ كۆتایی” لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناوی دەبات.

لەم چوارچێوەیەوە كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە ئەفغانستان ڕاگەیەنرا، لە سایەیدا ویلایەتە یەكگرتووەكان و هاوپەیمانەكانی دەیانەوێت ئاراستەی گرنگیپێدانەكانیان ڕووەو ناوچەی ئاسیای و زەریای هێمن و دەریای باشوور چین وەرگێڕن.

كۆپی دووەمی دەوڵەتی ئیسلامی
تارمایی گەڕانەوەی داعش و دووبارە بوونەوەی مێژوو لەئارادایە. لە ساڵی 2011دا باراك ئۆباما سەرۆكی ئەوكاتی ویلایەتە یەكگرتووەكان كشانەوەی هێزەكانی وڵاتەكەی لە عێراق ڕاگەیاند.

سەرەڕای مانەوەی ژمارەیەك كەمی ئەو هێزانە لەوكاتەوە تائێستا، بەڵام ئەو كشانەوەیە، هاوشانی دۆخی سیاسی ناوخۆیی تێكچووی عێراق و جەنگی میللی و هاوسنووری لەگەڵ سوریا ژینگەیەكی گونجاویان بۆ كۆنتڕۆڵكردنی موسڵ لەلایەن ڕێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی هێنایە ئاراوە، كە دواتر كۆنتڕۆڵكردنی بەسەر خاكی عێراق گەیشتە چەندین پارێزگا و ناوچەی دیكەدا.

دەشێت دۆخێكی هاوشێوە ئەمجارەش دووبارەبێتەوە، ئایا كۆپی دووەمی داعش دەتوانێت شكست بە سوپای عێراق بهێنێت كە لەڕووی ڕۆحی شەڕكردنەوە لاوازە و بێبەشیش دەبێت لە پشتیوانییەكانی ئەمریكا؟ ئەگەرێكی زۆر لاوازە و ئەمەش چەندین هۆكاری هەیە.

ڕێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی ئەوكات سودی لەو نیگەرانی و ناڕەزاییە گەورەیە بینی كە سوننەكان لە عێراق بەرامبەر حكومەتی شیعەی تایفی بە سەرۆكایەتی نوری مالیكی هەیانبوو.

مالیكی لە نێوان ساڵانی 2006 تا 2014 سەرۆكایەتی حكومەتی كرد و لەو ماوەیەدا بەشێوەیەكی بەرنامەبۆداڕێژراو سوننەكانی لە مافەكانیان بێبەش كرد، ئەمەش هانی زۆرێكیانی دا بچنەپاڵ ڕێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی كە ئەوكات لە شوێنی دەرفەتی گونجاودا دەگەڕا.

هاوكێشە سیاسییەكە لەمڕۆدا، سەرەڕای ئەوەی هێشتا بێ كەموكوڕی نییە، بەڵام زیاتر پەسەندراوە لەلایەن گروپە عێراقییە ركابەرەكانەوە.

لەدوای شكستپێهێنانی ڕێكخراوەكەشەوە، ئەمریكا و بەریتانیا و وڵاتان زۆرێك لە كات و هەوڵیان تەرخانكردووە بۆ ڕاهێنانی هێزە عێراقییەكان، بڕیاریشە ئەم ڕاهێنانە بە پشتیوانی هاوپەیمانیی ناتۆ بەردەوام بێت.

پێدەچێت بیركردنەوەی ستراتیژی سەرانی ڕێكخراوەكە یان پاشماوەی چەكدارەكانی، سودوەرگرتن بێت لەو ڕووبەرە كۆنتڕۆڵنەكراوانەی لە ئەفریقا و ئەفغانستان هەیە، لەجیاتی ڕوبەڕوبوونەوەی هێزێكی ئەمنی چەكدار بە چەكی باش لە ناوجەرگەی وڵاتانی عەرەبیدا.

لیوا بین باری، ئەفسەری پێشووی سوپای بەریتانیا و شارەزا لە كاروباری بەرگری لە پەیمانگای نێودەوڵەتی توێژینەوە ستراتیژییەكان دەڵێت، پێدەچێت هێرشی چەكدارانی داعش بتوانرێت لەلایەن هێزەكانی حكومەتی عێراقەوە كۆنتڕۆڵبكرێت، بەڵام بەبێ تێگەیشتنی سیاسی لەگەڵ سوننەكانی عێراق، هۆكارەكانی یاخیبوون بە كراوەیی دەمێننەوە.

ڕێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی توانایەكی سەركەوتووی هەبوو لە كۆنتڕۆڵكردنی چەندین ناوچەدا لە هاوینی ساڵی 2014، ئەمەش بەشێكی دەگەڕایەوە بۆ ڕۆژئاوا كە چاوی لەسەر عێراق لادابوو.

هەر ئەمەش پێنج ساڵی تەواو و درێژی خایاند بۆ هاوپەیمانییەك كە 80 دەوڵەتی لەخۆدەگرت بە ملیارەها دۆلارەوە بۆ شكستپێهێنانی ڕێكخراوەكە، بۆیە هیچ كەس نایەوێت جارێكی دیكە ئەو سیناریۆیە دووبارە ببێتەوە.

بۆیە سەرەڕای كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا و ئەگەری مانەوەی ژمارەیەكی كەمی هێزەكانی ئەو وڵاتە لە عێراق، ڕۆژئاوا چاودێری دەكات بۆ ئەوەی بزانێت داعش یان هەر گروپێكی دیكەی جیهادی عێراق بەكاردەهێنێت وەك خاڵی ئەنجامدانی هێرشی سنووربەزێن، بەتایبەت لە ڕۆژئاوا.

“ئەگەر ویلایەتە یەكگرتووەكان بۆ دەربكەوێت كە ڕێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق هێرش بۆسەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لەناو عێراق دەكات، ئەگەری هەیە واشنتن یەكلایەنە هێرش بۆسەر ڕێكخراوەكە ئەنجامبدات”.

باری دەشڵێت، “لەگەڵ بوونی توانای گەورەی نزیك و دوور لە كەناراوەكانی كەنداو، پنتاگۆن بە دڵنیاییەوە هۆكاری پێویستی هەیە بۆ ئەنجامدانی ئەو كارە”.

یاری نەفەس درێژی
وێنە گەورەكە لەسەر ئاستی دوور مەودا جوڵەكردنە لە بەرژەوەندی ئێران. لەوەتەی شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە ساڵی 1979ەوە كراوە ئێران هەوڵی وەدەرنانی هێزەكانی ئەمریكا لە وڵاتانی دراوسێی دەدات، بۆ ئەوەی خۆی ببێتە هێزی دەسەڵاتداری ناوچەكە.

ئێران سەركەوتنێكی گەورەی لە وڵاتانی كەنداوی عەرەبی بەدەستنەهێناوە بەهۆی نەبوونی متمانە بە تاران و، بەهۆی ئەوەش كە سوپای ئەمریكا دامەزراوەی لە سەرجەم شەش وڵاتەكەدا هەبووە، لەوانەش بارەگای پێنجی هێزەكانی ئەمریكا لە بەحرەین.

بەڵام لەناوبردنی ڕژێمەكەی سەدام حسێن بە سەرۆكایەتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە ساڵی 2003، بەربەستە گەورەكەی بەردەم پاوانخوازی ئێرانی لابرد و، لەوكاتەشەوە ئێران ئەم هەلەی لەدەستنەداوە.

ئێران سەركەوتوو بوو لە خستنەپاڵی گروپە نزیكەكانی بۆسەر دامەزراوەی ئەمنیی عێراق، هەروەك هاوپەیمانەكانی دەنگ و ئامادەبوونی بەهێزیان لە پەرلەماندا هەیە.

جەنگی میللی سوریا دەرگای لەبەردەم بوونی سەربازیی بەهێزی ئێران لەوێ كردەوە، لەكاتێكدا حزبوڵای لوبنانی هاوپەیمانی ئێران لە لوبنانی دراوسێیدا، بەهێزترین هێزی ئەو وڵاتەیە.

ئێران یارییەكی درێژ مەودا دەكات، سەركردەكانی هیوای ئەوەیان هەیە ئەگەر فشارەكان بەشێوەی ئاشكرا یان نهێنی لەسەر بوونی ئەمریكا لە ناوچەكەدا بەردەوام بێت لە كۆتایدا ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێتە ناوچەیەك كە شایەنی بەردەوامبوونی مانەوەی سەربازیی ئەمریكا نابێت بەپێی تێڕوانینی ئەمریكی.

لێرەوە دووبارەبوونەوەی هێرشە موشەكییەكان بۆسەر بنكە ئەمریكییەكان و پشتیوانیی ئێران بۆ ناڕەزایەتییە مەدەنییەكان كە داوای جێهێشتنی هێزەكانی ئەمریكا دەكەن دێتە ئاراوە.

ئەو ڕێككەوتنەی بەپێی ناوەرۆكەكەی كۆتایی دەهێنێت بە بوونی هێزە شەڕكەرەكانی ئەمریكا لە عێراق لەلایەن زۆرێكەوە لە تاران وا لێیدەڕوانرێت كە هەنگاوێكە بە ئاراستەی دروست، كەواتە ئایا كشانەوەكە ئامانجە ستراتیژییەكەی ئێران دەهێنێتەدی؟

س: BBC

بابەتی پێشتر

تەندروستیی عێراق ڕەتیدەكاتەوە قەدەغەی هاتوچۆ ڕابگەیەندرێت

بابەتی دواتر

ناوچەی یۆرۆ بەئاستی بەهێزتر لە قەیران دەربازدەبێت

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

ئاگر لە دهۆك و كاردانەوە لە بەغداد
حكومەت و پەرلەمانی كوردستان بەرامبەر هێرشەكانی توركیا بێدەنگن

ناردنی شاند، زنجیرەیەك كۆبوونەوە، كۆكردنەوەی دۆسیەی پێشێلكارییەكان، بانگكردنەوەی نێردە، ئەنجامدانی دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران و تۆماركردنی سكاڵا لە ئەنجومەنی…
Total
0
Share