مەڵبەندی گەرمیانی یەكێتی ڕەتیدەكاتەوە بڕیارەكانی قوباد تاڵەبانی لەبارەی چەكی بێمۆڵەت و ئۆتۆمبێلی جامڕەش و بێسەرەتا جێبەجێنەكەن، سكاڵاش تۆماردەكەن “لەبەرامبەر بڵاوكردنەوەی هەواڵێكی ناڕاست”.
ئەمڕۆ وابڵاوكرایەوە مەڵبەندی 11ی ڕێكخستنی گەرمیانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پابەندی بڕیارەكانی جێگری سەرۆكی حكومەت نەبوون بۆ بەرەنگاربوونەوەی چەكی بێمۆڵەت و ئۆتۆمبێلی جامڕەش و بێسەرەتا، بەڵام مەڵبەندەكە ئەو هەواڵانە ڕەتدەكاتەوە، دەڵێت، پۆڵا سیروان تاڵەبانی لێپرسراوی مەڵبەند پێش دەستپێكردنی هەڵمەتەكە، بەنوسراوی فەرمی هەموو ئۆرگانەكانی سنووری گەرمیانی ئاگاداركردەوە، پێویستە پابەندی بڕیارەكەی قوباد تاڵەبانی بن.
بۆیە مەڵبەندی گەرمیانی یەكێتی ئەو پڕوپاگەندانە ڕەتدەكاتەوە كە “چەند پەیج و ئەكاونتێكی سێبەر كەوتوونەتە بڵاوكردنەوەی هەواڵی بێبنەما، دەربارەی ئەوەی گوایە بەیانیی ئەمڕۆ لەلایەن دەستەی پاسەوانی لێپرسراوی مەڵبەندی 11ی گەرمیان، لە بازگەیەك لەشاری كەلار سەرپێچی كراوە بەرامبەر هێزەكانی ناوخۆ”.
مەڵبەندی گەرمیانی یەكێتی “وێڕای بەدرۆخستنەوەی سەرلەبەری ئەو هەواڵانە، كە بەمەبەست و بەئامانجكردنی لێپرسراوی مەڵبەند كراوە”، دەڵێت، “لەڕێگەی دادگاوە ڕێكاری یاسایی دەگرینەبەر”.
لەكۆتاییدا دەڵێت، “یەكێتی لە هەموو لایەك زیاتر خەباتی كردووە بەئامانجی سەروەریی یاسا و بەردەوام دەبێت لەم هەنگاوە، لێپرسراوی مەڵبەندیش كەسێكی یاساییە و زیاتر لەگەڵ سەروەریی یاسادایە”.