لە تونس حكومەتی ئیخوانییەكان هەڵوەشێنرایەوە و پەرلەمان سڕكرا

قەیس سەعید، سەرۆک کۆماری تونس، سەرۆک وەزیرانی وڵاتی دوورخستەوە و پەرلەمانی سڕکرد، ئەوەش دوای ئەوەی تونسییەکان خۆپیشاندانیان دژی سیاسەتی دەوڵەت بەرامبەر تەشەنەسەندنی پەتای کۆرۆنا كرد.

خۆپیشاندەران دوێنێ یەکشەممە هاتنە سەر شەقامەکان و لەگەڵ پۆلیس ڕوبەڕووی یەکبوونەوە و دروشمیان دژی حزبی دەسەڵاتدار دەوتەوە (بزوتنەوەی نەهزە – ئیخوانی)، بەوەی جدی نەبووە لە هەوڵەکانی بۆ ڕێگری لە پەتای کۆرۆنا.

دوای نیشاندانی ئەو توڕەییەی تونسییەکان، قەیس سەعید سەرۆكی وڵاتەكە لە وتارێکدا ڕایگەیاند، “بۆ ئارامبوونەوەی دۆخەکە و گوێگرتن لە خۆپیشاندەران، حکومەت بە سەرۆک وەزیرانێکی نوێیەوە کارەکانی دەستپێدەکات.

قەیس سەعید هۆشداریدا لە بەکارهێنانی سوپا بۆ ئەو گۆڕانکاری و هەوڵانە و ڕایگەیاند، “دوای بڕیارەکان ئارامیی گشتی بۆ وڵات دەگەڕێتەوە و تونسییەکان هەمیشە گوێلێگیراو بوون”.

سەرۆک کۆمار چەند جارێک هۆشداریدا لە دەستبردن بۆ چەک و ڕاشیگەیاند، “هەر کەسێک دەست بۆ چەک ببات، یان بیەوێت لەو ڕێگەوە خواستەکانی بسەپێنێت، ئەوا دەبێت پێی بڵێم، کە هێزە چەکدارەکان وەڵامی خۆیان دەدەنەوە”.

دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی دوورخستنەوەی “هشام مشێشی”ی سەرۆک وەزیران، خۆپیشاندەرە تونسییەکان لەسەر شەقامەکان خۆشحاڵییان دەربڕی.

لەسەر گۆڕانکارییەکان، ڕاشد غەنوشی، سەرۆكی بزوتنەوەی نەهزە، كە هاوكات سەرۆكی پەرلەمانیش بوو، كاردانەوەی هەبوو، گۆڕانکارییەکانی قەیس سەعیدی بە کودەتایەکی سپی ناوهێنا.

غەنوشی وتیشی، “ئەوەی قەیس سەعید کردی کودەتایەکە بەسەر شۆڕشی تونسیدا، کە ماوەی ١٠ ساڵە تونسییەکان پارێزگاری لە شۆڕشەکەیان دەکەن.

ئەمڕۆش غەنوشی چووە بەردەم پەرلەمانە سڕكراوەكە و مانی گرت، ویستی بچێتە شوورەوە، بەڵام سوپای وڵاتەكە ڕێگرییان لێكرد.

بابەتی پێشتر

لوتکەی ئەمریکا – عێراق ئەمڕۆ لە واشنتۆن

بابەتی دواتر

ماوەی کوژانەوەی پێوەری زیرەک کەمدەکرێتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share