بەڕێوبەری پڕۆژەی پاراستنی گیاندارە شیردەرەکان لە ڕێکخراوی سروشتیی عێراق ڕایگەیاند، لە شەوی ڕابردووەوە پۆلیسی دارستانی ناحیەی بازیانیان لە دەرکەوتنی شێرێک لەو ناوچەیە ئاگادار کردووەتەوە و ڕێنماییان پێداوە کە چۆن مامەڵە لەگەڵ شێرەکە بکەن.
هانا ئەحمەد ڕەزا، بەڕێوبەری پڕۆژەی پاراستنی گیاندارە شیردەرەکان لە ڕێکخراوی سروشتیی عێراق بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “هاوڵاتییەک شێرێکی نێری لە دەوروبەری بازیان بینووە، ئێمە دڵنیاین کە ئەو شێرە لە باخچەی کەسێک هەڵهاتووە چونکە ئەم ناوچەیە شوێنی ژیانی شێر نییە و یان لە باخچەی ئاژەڵان هەڵهاتووە یان هی کەسێک بووە”.
سەبارەت بە گرتنەوەی ئەو گیاندارە، هانا ڕەزا دەڵێت، “ئەو گیاندارە ئەگەر بەشێوەیەکی زانستی نەگیرێتەوە واتە بە دەرزی بێهۆش نەگیرێتەوە ڕەنگە سترێسی بۆ دروستبێت و پەلاماری خەڵکی بدات، چونکە ئەزمونمان هەیە کە کەسانێک بە نازانستی ویستویانە گیاندارێک بگرن لە ئەنجامی سترێس گیاندارەکە پەلاماری داون و برینداری کردوون”.
سەبارەت بەشێوازی گرتنەکەشی ئەو توێژەرە ڕایگەیاند، “ئێمە چەندینجار خولمان بۆ کەسانی پسپۆڕی گرتنەوەی ئاژەڵان کردووەتەوە و ڕێنماییمانداوەتە پۆلیسی دارستانیش کە هەر هەڵەیەک بکرێت لە گرتنەوەی ئاژەڵەکەدا ڕەنگە کارەسات دروستبکات”.
سەبارەت بە دواکەوتنی گرتنەوەی شێرەکە هانا ڕەزا ئاماژە بەوە دەکات، ئەگەر زوو گیاندارەکە نەگیرێتەوە ئەوا برسی دەبێت و لەگەڵ برسی بوونیشیدا ڕەنگە پەلاماری مەڕ و ماڵات و دورنیە منداڵیش بدات.
بەیانی ئەمڕۆ پۆلیسی دارستانی ناحیەی بازیان، بە هاوکاریی فڕۆکەیەکی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم چەند کاتژمێرێک گەڕان و پشکنینیانکرد لەوشوێنەی کە هاوڵاتییەکە وتبووی شێرەکەی لێبینیووە.