پەرلەمانتارانی لیژنەی وزە: تەنها 42%ی داهاتی نەوت بۆ حكومەتی هەرێم دەگەڕێتەوە

“کرێی بۆری لە سنووری ھەرێم نزیکەی سێ ھێندەی کرێی بۆریە لە تورکیا”

دوای بڵاوكردنەوەی ڕاپۆرتی كۆمپانیای دیلۆیت دەربارەی بڕی هەناردە و داهاتی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵ، پەرلەمانتارانی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان دەڵێن، 58%ی داهاتی نەوت بۆ كۆمپانیاكانە و تەنها 42%ی بۆ حكومەتی هەرێم و موچە دەگەڕێتەوە.

ئەمڕۆ كۆمپانیای دیلۆیت-ی تایبەت بە وردبینی ڕاپۆرتی تایبەت بە داتا و زانیاریی دەربارەی هەناردەكردن، بەكاربردن، خەرجی و داهاتەكانی نەوت لە 1ی کانونی دووەمی 2021 تا 30ی حوزەیرانی 2021 بڵاوكردەوە و دەڵێت، لەو ماوەیەدا حكومەتی هەرێم 77.35 ملیۆن بەرمیل نەوتی لە ڕێگای بۆرییەوە هەناردەی دەرەوە کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتەكە، لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2021دا، حکومەتی هەرێم 4.1 ملیار دۆلار داهاتی فرۆشی نەوتی خاوی هەناردەكراوی بەدەستهێناوە. دوای دانەوەی شایستەکانی مانگانەی بەرهەمهێنەرانی نەوت و بەکاربەرانی بۆرییەکان و کڕیاران، 1.737 ملیار دۆلاری وەک سافیی داهاتەکانی نەوتی خاو بۆ ماوەتەوە.

دەربارەی ڕاپۆرتەكە کاروان گەزنەیی، ئەندامی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکانی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، حكومەتی هەرێم مانگانە تەنها 289 ملیۆن دۆلاری لە داهاتی نەوت بۆماوەتەوە.

دەشڵێت، “واتە بە گشتی حكومەتی هەرێم 42%ی داهات و كۆمپانیاكانیش 58% داهاتی نەوتیان بۆ ماوەتەوە”.

بەپێی وتەی ئەو پەرلەمانتارە كرێی بۆری نەوت، كە بۆ كۆمپانیای كار دەگەڕێتەوە، (454,413,772) چوار سەد و پەنجا و چوار ملیۆن دۆلار بووە، پارەی تاریفی کۆمپانیای وزەی تورکی (172,140,003) سەد و حەفتا و دوو ملیۆن دۆلار بووە، شایستەی کۆمپانیاکان (1,397,624,756) نزیکەی یەک ملیار و چوار سەد ملیۆن دۆلار بووە.

گەزنەیی بە گومانەوە دەڵێت، “ئەم کۆمپانیایانە ماوەی 14 ساڵە لە هەرێم کاردەکەن، بەڵام بە وتەی حکومەتی هەرێم بێت تائێستاش پارەکەیان تەواو نەبووە!!”.

لای خۆیەوە عەلی حەمەساڵح، سەرۆكی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەكان دەڵێت، تێکڕای نرخی نەوتی برێنت لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ نزیکەی 65 دۆلار بووە، بەڵام تێکڕای فرۆشتنی نەوتی ھەرێم بۆ بەرمیلێک (53.446) دۆلار بووە ئەمەش داشکاندنێکی زۆرە.

لەم نرخەش فرۆشراوە، وەك ئەوەی ئەو پەرلەمانتارە دەیڵێت، بەشی زۆری بۆ کۆمپانیا و کرێی بۆری بووە، پوختەی داھات بۆ ھەر بەرمیلێک (22.588) دۆلار ماوەتەوە، واتە نزیكەی 42%ی كۆی داهاتی نەوت بۆ تەمویلی موچە ماوەتەوە.

ئاماژە بەوەشدەكات، “پارەی کۆمپانیاکانی بەرھەمھێنانی نەوت (یەک ملیار و 394 ملیۆن) دۆلارە کە دەكاتە 33.8%، ئەم ڕێژەیە زۆر زۆرە و پێداچونەوەی دەوێت، چونکە نزیکەی 37%ی نەوتی کوردستان لە کێڵگەی خورمەڵەیە و کۆمپانیای کار بەڕێوەیدەبات و گرێبەستی خزمەتگوزارییە و تێچوو و شایستەی کۆمپانیا دەبێت زۆر کەم بێت”.

سەرۆكی لیژنەی وزە دەشڵێت، “کرێی بۆری زۆرە و گرفتێکی گەورەیە” و ڕوونیدەكاتەوە، “ئەوەی جێگای سەرنجە، ڕووبەری بۆری لە سنووری تورکیا زۆر زیاترە لە ڕووبەری بۆری لە سنووری ھەرێمی کوردستان، بەڵام کرێی بۆری لە سنووری ھەرێم نزیکەی سێ ھێندەی کرێی بۆریە لە تورکیا”.

بۆ خوێندنەوەی ڕاپۆرتەكەی دیلۆیت و وردەكارییەكەی كلیك لێرە بكە.

بابەتی پێشتر

دیلۆیت داهاتی فرۆشتنی نەوتی هەرێم لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا ئاشکرادەکات

بابەتی دواتر

سێ كەس بەتۆمەتی تەقەی هەڕەمەكی و دزیكردن دەستگیركران

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share