بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان ڕایگەیاند، هێزەکانیان توانیویانە کەسێک لە سنووری وەرتێ بە سێ کیلۆگرام ماددەی هۆشبەرەوە دەستگیربکەن.
لە ڕاگەیەندراوێكدا بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەكردووە، “لەبەردەوامیی هەوڵەکانمان بۆ بنبڕکردن و نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان، لە چالاکییەکدا ئەمڕۆ پێنجشەممە توانرا دەست بەسەر بڕی 2.5 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لە جۆری تلیاك و بڕی 500 گرام کریستاڵ بگیرێت”.
باسی لەوەشكردووە، تۆمەتبارەكە ناوی (ع، و، س) و دانیشتووی هەرێمی کوردستانە، پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە و ڕەوانەی بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوە کراوە.