سودانی لە دیداری سلێمانی: بەشداری لە هەڵبژاردنی داهاتووی عێراقدا دەکەم

محەمەد شیاع سودانی بەشداریی لە نۆیەمین دیداری سلێمانی کرد و وتارێکی پێشکەشکرد و دواتریش لە یەکەمین پانێڵی دیدارەکەدا وەڵام چەندین پرسیاری تایبەت بە عێراق و هەرێم دایەوە.

محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە وتارێکدا کە لە نۆیەمین دیداری سلێمانی پێشکەشیکرد رایگەیاند، لەم دۆخەدا کە زۆر ئاڵنگاری سیاسی و ئابووری و جەنگ ناوچەکەمانی تەنیوە ئەنجامدانی ئەم جۆرە دیدارانە لە سلێمانی گرنگی تایبەتی خۆی هەیە.

ئاماژەی بەوەشکرد، باوەڕمان وایە دوو ساڵ و نیوە ئەرکی حکومەتمان گرتووەتە سەر شان کارمان کردووە بۆ خزمەتی عێراق و عێراقییەکان، ئالنگاری زۆر لەبەردەمماندا لە بواری ئابووری و سیاسی و ئەمنی.

باسیلەوەشکرد، لەماوەی کارکردنمان بەرەپێشچوونی باشمان بەخۆمانەوە بینوە، زۆرینەی پارێزگاکان خزمەتگوزاریان تێدا جێبەجێدەکرێت و هێشتا رێگایەکی دوورمان لەبەردەمدایە و خزمەتی زیاتر دەکەین.

سودانی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وتی، دەستگیرۆیی کردنی گەنجان و باشترکردنی ژیانیان و پشتگیری پرۆژەی مامناوەند و بچوک و چەکی دەستی ئێمەیە بۆ داهاتوو، دیجیتاڵکردنی دارایی و فەرمانگەکان لە ئەرکی لە پێشینەی ئیمەدابووە و بەردەوام دەبین بۆ کارکردن لەو بوارەدا.

باسیلەوەشکرد، رێگانادەین پرۆژەی وەستا و لەکارکەوتوو هەبن، هەوڵمانداوە ئەو پرۆژانە کەمبکەینەوە بۆ 850 پرۆژەی لەکارکەوتوو کە خۆی هەزاران پرۆژەی جۆراوجۆربوون لە بوارە جیاوازەکاندا.

جەختیشیکردەوە، سووتانی رێژەی غازی هاوەڵ کەمکراوەتەوە و تا ساڵی 2028 بە تەواوی کۆتایی پێدەهێنین، بەهیچ جۆرێک رێگاپێدراو نییە، کە ململانێی سیاسی سەربکێشێت بۆ لێدان لە پرۆژەکانی حکومەت و ئەمن و ئاسایشی عێراق رووبەڕووی مەترسی بکرێتەوە، ئێمە دەستوەران لە کارمان قبوڵ ناکەین، دەبێت سامانی عێراق لە خزمەت گەلدا بێت کە چەندین ساڵ بە خراپ بەکارهێناوە.

ئاشکراشیکرد، عێراق پێویستی بە چاکسازی راستەقینە هەیە، کە سەقامگیری داهاتوو بونیادبنێت، لە نەهێشتنی گەندەڵی و قۆرخکاری و باشترکردنی دۆخی ئەمنی، لەگەڵ ئەوانەشدا عێراق دەتوانێت رووبەڕووی سەرجەم ئالنگارییەکان دەبێتەوە، عێراق بەهێزە و دەیەوێت کاریگەری لەسەر ئاستی هەرێمایەتی هەبێت.

هاوکات لە درێژەی قسەکانیدا لە دیدارەکەدا سودانی جەختیکردەوە، بەشداریی لە هەڵبژاردنی داهاتووی عێراقدا دەکات و لە چەند رۆژی داهاتوودا هەر هاوپەیمانێتییەک هەبێت ئاشکرادەکرێت.

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغداد وتی، پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغداد گۆڕاون بۆ گفتوگۆی هونەری و یاسایی، رێکدەکەوین یان رێکناکەوێن، لە کەشێکی ئەرێنیدا گفتوگۆ دەکەین و توانیومانە بەسەر زۆرینەی کێشەکاندا زاڵبین، بەرپرسانی هەرێم تەواو هاوکارمانن لەو ئالنگاریانەی رووبەروومان بووەتەوە لەم چەند ساڵەی رابردوودا.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share