ڕۆژنامەی ئیندپێندێنت: هونەر و کەلتوور لە کەرتی کشتوکاڵ زیاتر قازانجی بە بەریتانیا گەیاندووە

کەلتوور و هونەر لە کەرتی کشتوکاڵ زیاتر قازانج بە وڵاتێکی وەک بەریتانیا دەگەیەنێت، بەوپێیەی هونەر بە بەشێکی سەرەکیی ئابووریی ولاتەکە دادەنرێت.

لە هەرێمی کوردستان، کەلتوور و هونەر وەک لایەنێکی لاوەکیی کۆمەڵگە لێی دەڕوانرێت، ئەوەی زیاتر گرنگی پێدەدرێت سیاسەت و ئابوورییە، بەڵام ساڵی 2019 ئەنجوومەنی هونەری ئینگلتەرا ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کرد هونەر و کەلتوور قازانجێکی زیاتریان بە بەریتانیا گەیاندووە، وەک لە کەرتە ئابوورییەکانی دیکە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەنجوومەنەکە، داهاتی کەرتی هونەر و کەلتوور لە ساڵی 2016ـدا 10.8 ملیار پاوەند بووە و سوودێکی گەورەی بە ئابووریی وڵاتەکە گەیاندووە، زۆر زیاتر لە کشتوکاڵ و چەند کەرتێکی دیکەی پیشەسازی.

بەپێی ڕۆژنامەی ئیندپێندێنت، سەرۆکی ئەنجوومەنی هونەری ئینگلتەرا، نیکۆلاس سێرۆتا ئاماژەی بەوە کردبوو، “هونەر بەشێکی سەرەکییە لە ئابووریی بەریتانیا و داهاتووی ولاتەکە بەرجەستە دەکات”، داواشی لە حکوومەت کرد بودجەی زیاتر بۆ ئەو کەرتە خەرجبکرێت.

لە ماوە 7 ساڵ و تاوەکو 2016، کەرتی هونەر توانیوویەتی 360 هەزار کار دروست بکات و 2.8 ملیار پاوەند باج بۆ گەنجینەی حکوومەت بگەڕێنێتەوە.

ڕاپۆرتەکەی ئەوەی خستووەتە ڕوو، تەنها لە ساڵی 2015 بۆ 2016، بەهای هونەر و کەلتوور وەک کەرتێکی پیشەسازی بە بڕی 390 ملیۆن پاوەند بەرز بووەتەوە.

نیکۆلاس سێرۆتا وتیشی، “پیشەسازیی کلتووری لە کەرتی کشتوکاڵی زۆر گرنگترە، لە ڕووی کار و بەرهەمیشەوە. فاکتەرێکی گۆڕینی کۆمەڵگە و ئابوورییە. لە کەرتەکانی دیکەدا، ئەنجامی لەم شێوەیە، دەبێتە هۆی ئەنجامدانی وەبەرهێنانی زیاتر لە کەرتەکە. کەلتوور دەتوانێت هەلی کار دروست بکات، قازانجی ئابووری لە کۆمەڵگەکان و بۆ هەموو وڵاتیش فەراهەم بکات”.

بابەتی پێشتر

مێرسیدس بێنز 669 هەزار ئۆتۆمبێلی لە بازاڕەکانی چین دەکێشێتەوە

بابەتی دواتر

توێژینەوە: دەتوانین بە پارە بەختەوەری بکڕین

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share