یانەکانی بەرشلۆنە و ئەتلەتیکۆ مەدرید دانوستاندنیان بۆ ئاڵوگۆڕی دوو یاریزان دەستپێکردووە.
دوو ڕۆژنامەنوسی ڕۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی، خاڤیێر جی گۆمارا و فێرناندۆ پۆلۆ ئاشکرایانکردووە، دانوستاندن لەنێوان یانەکانی بەرشلۆنە و ئەتلەتیکۆ مەدرید بۆ ئاڵوگۆڕی ئەنتوان گریزمان بە ساول نیگوێز دەستیپێکردووە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست دوو ڕۆژنامەنوسەکە کەوتووە، ئەتلەتیکۆ مەدرید لەهەوڵی دابینکردنی هێرشبەرێکی بەهێزدایە کە لە توانایدابێت هاوکاری لویس سوارێز بکات، بۆ ئەو مەبەستەش ڕوویانکردووەتەوە گریزمان.
“گریزۆ” بەرامبەر ئەگەری گەڕانەوە بۆ مەدرید ڕەزامەندی نیشانداوە، لارینەبوونی نیشانداوە لە جێهێشتنی بارسا و دووبارە یاریکردن بۆ ئەتلەتی.
لە بەرامبەردا یانەی بەرشلۆنە بە یاریزانەکەیان ڕاگەیاندووە، کە هیچ کێشەیان لەگەڵیدا نییە، بەڵکو بەهۆی زۆری ڕێژەی موچەی یاریزانانەوە ناچاردەبن دەستبەرداریبن.
ڕۆژنامەی سپۆرت نوسیویەتی، ئیدارەی بارسا دەیانەوێت یاریزانەکەیان ئاڕاستەی خولەکانی ئینگلتەرا و ئیتاڵیا بکەن، بەڵام هێرشبەرەکە ئامادەنەبووە ڕەزامەندی بەرامبەر بۆندی یانە ئینگلیزی و ئیتاڵییەکان نیشانبدات، دووپاتیکردووەتەوە، گەڕانەوە بۆ شاری مەدرید و ئەتلەتیکۆ مەدرید باشترین چارەسەرە لەپێناو دوورنەکەوتنەوە و جێگیربوونی خێزانەکەی.