بەهۆی کەمبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان، بەرهەمی نەوتی عێراق لە مانگی ڕابردوودا بەروارد بە مانگی ئایار دابەزیوە، کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم بەڕێژەی گەیشتوەتە 2.6%.
بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی (standard and poor’s global platts)، کۆی نەوتی بەرهەمهێنراوی عێراق لە مانگی حوزەیراندا بۆ سێ ملیۆن و 862 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە دابەزیوە، لەکاتێکدا لە مانگی ئایاردا بەرهەمی نەوتی عێراق سێ ملیۆن و 879 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە بووە.
ئاژانسەکە دەشڵێت، بەرهەمی کێڵگە نەوتییەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق لە مانگی ڕابردوودا جێگیربوون، بەتێکرای 3.42 ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە، بەڵام بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان بەڕیژەی 2.6% دابەزیوە و 441 هەزار بەرمیل لەڕۆژێکدا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، کۆی هەناردەکردنی نەوتی عێراق بەڕێژەی 0.5% دابەزیوە بەراورد بە مانگی ئایار، گەیشتووەتە 3.32 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
ڕاپۆرتەکە ڕوونیکردووەتەوە، کۆی بەکاربردنی ناوخۆیی نەوت بە سوتانی نەوتی خاو و کارپێکردنی پاڵاوتگەکانەوە بەرزبووەتەوە بۆ 25%، کەدەکاتە بڕی 607 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، هۆکارەکەشی بۆ بەرزبوونەوەی سوتانی نەوتی خاو لە وەرزی گەرما و زیاتر بەکاربردنی کارەبا دەگەڕێتەوە.