پلانی لاپۆرتا بووەتە شۆک بۆ بەرشلۆنە

خوان لاپۆرتای سەرۆکی یانەی بەرشلۆنە بۆ کەمکردنەوەی خەرجیاتی یانە لە داهاتوودا بڕیاری قورس و چاوەڕواننەکراو دەدات.

مارک مێنشین، نوسەر و ڕۆژنامەنووسی ڕۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی لە ستونێکدا ئاماژەی بە بارودۆخی دارایی یانەی بەرشلۆنە کردووە، ڕۆژنامەنووسەکە دووپاتیدەکاتەوە، دۆخی دارایی بارسا باش نییە و لاپۆرتا لە داهاتوودا پلانی شۆکهێنەر بەگەڕدەخات.

مێنشین نووسیویەتی، خاڤێر تیباس سەرۆکی ڕایەڵەی یانەکانی لالیگا بۆ وەرزی 2021-2022 ڕێساکانی یاری خاوێن وەک خۆی بەسەر بەرشلۆنەدا جێبەجێدەکات و ئامادەنەبووە ئاسانکارییان بۆ بکات، بەپێی ئەو ڕێسایەش دەبێت خەرجی و داهات لەگەڵ یەکدیدا یەکبگرنەوە.

لە ئێستادا پارەی بەکارخستن بە موچەی یاریزانانەوە لە بەرشلۆنە زیاترە لە داهات، جیاوازی نێوانیان گەیشتووەتە 177.5 ملیۆن یورۆ، بۆیە لاپۆرتا ناچاردەبێت ئەو بڕە بۆ خەزێنەی یانە بگەڕێنێتەوە، کە ئەوەش لە ڕێگەی فرۆشتنی یاریزانانەوە دەبێت.

بەپێی زانیارییەکانی مێنشین، ئەم بارودۆخە بۆ بارسا هێندە ئاڵۆزە، کە لە بازاڕی گواستنەوەکاندا لە توانای کڕینی یاریزانان کەوتوونەتە دوای یانەی ئەتلەتیکۆ مەدریدەوە، هەروەها لە داهاتوویەکی نزیکدا بڕیار لە کەمکردنەوەی موچەی سەرجەم یاریزانان دەدرێت، پێش ئەو وادەیەش دەبێت کەیسی مێسی یەکلاییکرابێتەوە بە موچەیەکی کەمتر، کە ئەوەش دیسان کێشەیە بۆ یانە کەتەلۆنییەکە.

بابەتی پێشتر

سیمیۆنی هێرشبەرێکی دەوێت و سێ بژاردەی لەبەردەستدایە

بابەتی دواتر

ڕوی کۆستا پۆستی سەرۆکی یانەی وەرگرت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share