سەرۆكی ئەمریكا ڕایدەگەیەنێت، بزوتنەوەی تاڵیبان لەئێستادا گەیشتووەتە بەهێزترین ئاستی خۆی لەڕووی سەربازییەوە لە ساڵی 2001ەوە.
جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕایگەیاند، ئەركی سەربازیی هێزەكانی ئەمریكا لە ئەفغانستان لە 31ی ئابی داهاتوو كۆتایی دێت، ئاماژەی بەوەشكرد كە هیچ نەوەیەكی دیكەی ئەمریكییەكان بۆ جەنگ ڕەوانەی ئەو وڵاتە ناكات.
وتیشی، “كۆتایی بە درێژترین جەنگی ئەمریكا دەهێنین” دوپاتیشیكردەوە كە ئەوانە نەچوونەتە ئەفغانستان لەپێناو بونیادنانی نەتەوە، بەڵكو ئەوەیان ماف و بەرپرسیارێتیی گەلی ئەفغانستانە بە تەنها كە چارەنووسی خۆی دیاریبكات لەگەڵ چۆنیەتی بەڕێوەبردنی وڵات.
دەربارەی ئایندەی ئەفغانستان بایدن وتی، “هەواڵگریی ئەمریكا باوەڕی وانییە كە حكومەتی ئەفغانستان هەرەسبهێنێت” و، ئاماژەی بەوەكرد كە كۆنتڕۆڵكردنی ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە یەكلایی نییە.
ئەوەشی خستەڕوو، متمانەی بە تاڵیبان نییە، بەڵام متمانەی بە توانای هێزە ئەفغانییەكان هەیە.
سەرۆكی ئەمریكا دوپاتیشیكردەوە، ویلایەتە یەكگرتووەكان بەرپرسیارێتی هیچ قوربانییەكی مەدەنی ناگرێتەئەستۆ ئەگەر تاڵیبان قەڵەمڕەوی خۆی بەسەر ئەفغانستاندا بسەپێنێت.
داواشی لە سەرانی ئەفغانستان كرد لەنێوان خۆیاندا بگەنە سازان و، داواشی لە وڵاتانی ناوچەكە كرد هەوڵەكانیان چڕبكەنەوە لەپێناو كاراكردنی چارەسەری سیاسی لەو وڵاتە.
دوپاتیشكردەوە، وڵاتەكەی سەرلەنوێ پێداچوونەوە بە بڵاوكردنەوەی هێزەكانی و هێزەكانی ڕیشەكێشكردنی تیرۆردا دەكات بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی هەڕەشەكان لەهەر شوێنێك بن.
ئەوەشی وت، ویلایەتە یەكگرتووەكان پێویستە هێزی یەكبخات و هەوڵەكانی چڕبكاتەوە بۆ كێبڕكێ ستراتیژییەكانی لەگەڵ چین و وڵاتانی دیكە.
س: ڕۆیتەرز