تەرمی کوڕ و کچێک بە کوژراوی دۆزرانەوە

درید خالد و ساندرا خەلیل فۆتۆ: كەركوك ناو

تەرمی كوڕ و كچێك لە سنووری ناحیەی سنونێ بە كوژراوی دۆزراوە و بەڕێوەبەری ناحیەكەش دەڵێت، پۆلیس لێكۆلینەوە لەسەر ڕووداوەكە دەستپێكردووە.

خودێدا چوکی، بەڕێوەبەری ناحیەی سنونێ بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، دوێنی تەرمی کوڕ و کچێکی ئێزدی لە ئاقاری گوندی ئادیکا كە دەكەوێتە ڕۆژهەڵاتی گەلی کەلسێ-ی سەر بەقەزای شەنگال بە کوژراوی دۆزرانەوە.

وتیشی، “وەکو نەریتێک لەناو ئێمەی ئێزدییەکان، بۆ خوازبینی لەلایەن کوڕەوە کچەکە دەڕفێنرێت و دواتر بەڕەسمی هاوسەرگیری دەکەن، ئەم کوڕەش مەبەستی ئەوەبووە، بەڵام لەلایەن هەندێک کەسی نەناسراوەوە بە گولـلە کوژراون”.

کورەکە ناوی (درید خالد) تەمەن 31 ساڵە و کچەکەش (ساندرا خەلیل) تەمەن 21 ساڵە و هەردووکیان نیشتەجێی ناحیەی سنونێ-ن سەر بەقەزای شەنگال.

بەڕێوەبەری ناحیەكە وتی، پۆلیسی شەنگال لێكۆلینەوەی لەسەر ڕووداوەكە دەستپێكردووە و ئەوەشی خستەڕوو، دوای پشکنینی لاشەی هەردوو قوربانییەكە لە پزیشکی دادی موسڵ، ئەمڕۆ تەرمەكانیان وەرگیرایەوە و لەلایەن كەسوكارەكانیانەوە بەخاكسپێردران.

بابەتی پێشتر

خشتەیەكی دیكەی دابەشكردنی موچە ڕاگەیەنرا

بابەتی دواتر

سزای سێدارەی بەندكراوێكی سیاسیی كورد هەڵوەشایەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share