پۆلیسی سلێمانی دەستگیركردنی دوو تۆمەتبار ڕادەگەیەنێت و دەڵێت، چەند ماڵێكیان لە سنووری سیتەك و چەند ناوچەیەكی دیكە بڕیوە و دزییان لێكردوون.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، دوای ئەوەی چەند هاوڵاتییەك سكاڵایان تۆماركرد كە دزییان لێكراوە، مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی سیتەك لێكۆڵینەوەیان دەستپێكرد و دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر توانرا دوو تۆمەتبار بدۆزرێنەوە و دەستگیربكرێن.
دەشڵێت، تۆمەتباران لە باخەكانی سنووری سیتەك و گوندەكانی (ئەحمەد ئاوا، زەردەبی، شارستێنە، بازەگیر و چەند گوندێكی دیكە) دزییان كردووە.
لەئێستادا تۆمەتباران (ب.ت.ع.) لەدایكبووی 1995 و (ش.و.ر.) لەدایكبووی 1994 بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 443 لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراون و لێكۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە، وەك ئەوەی پۆلیسی سلێمانی دەیڵێت.
ئاشكراشیكردووە، لەكاتی دەستگیركردن و پشكنینی شوێنی نیشتەجێبوونی تۆمەتباران، دەستگیرا بەسەر ژمارەیەكی زۆر كەلوپەل كە لە ماڵ و باخی هاوڵاتیانیان دزیبوو.