ژمارەیەك پەرلەمانتار داوادەکەن بڕگەیەکی دیکە بۆ کۆبونەوەی سبەی پەرلەمانی کوردستان زیادبکرێت، لەبارەی چارەنووسی مامۆستایانی وانەبێژ و سێ یەکەمەکانی زانکۆ و یەیمانگاکان لەگەڵ فەرمانبەرانی گرێبەست بەئامادەبونی لایەنی پەیوەندیدار.
لە نوسراوێکدا کە واژووی 15 ئەندامی پەرلەمانی کوردستانی لەسەرە و ئاڕاستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان کراوە ئەو ئەندامانە ئاماژەیان بەوەكردووە، “ئێمە ژمارەی یاسایی ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان کە لە خوارەوە واژوومان کردووە، بەپێی ماددەی 48 لە بڕگەی چوارەمی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان داوا دەکەین بڕگەیەک بۆ بەرنامەی کاری تایبەت بە چارەنوسی مامۆستایانی وانەبێژ و دەرچووە سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگاکان و فەرمانبەرانی گرێبەست زیاد بكرێت بە ئامادەبونی لایەنی پەیوەندیدار”.
بڕیارە سبەی پێنجشەممە پەرلەمانی کوردستان کۆببێتەوە و بەپێی بەرنامەی کاری کۆبونەوەکەش، دەنگ لەسەر ژمارەیەک پێشنیاز و پڕۆژە یاسا دەدرێت لەوانەش پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان، کە پێکهاتوون لە پێشنیاز و پڕۆژە یاسای (هەمواری یەکەمی ماف و ئیمتیازاتی کەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت ژمارە (22)ی ساڵی 2011 لە هەرێمی کوردستان ــ عێراق).
هەر بەپێی کارنامەی کۆبوونەوەکە، دەنگ لەسەر پڕۆژە یاسای (بەرکارکردنی یاسای ڕەسمی پولی عێراق ژمارە (71)ی ساڵی 2012 لە هەرێمی کوردستان ــ عێراق) و پرۆژە یاسای (بەرکارکردن و هەمواری یاسای وەبەرهێنانی پیشەسازی هەردوو کەرتی تایبەت و تێکەڵاو ژمارە (20) ساڵی 1998ی هەموارکراو) دەدرێت.