ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا کە بەسەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بەڕێوەدەچێت، پرسی دەرئەنجامی ئامادەبوونی شاندی وەزاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان لە ڕۆژی دووشەممە 28/6/2021 و وەڵامدانەوەی پرسیاری پەرلەمانتاران تاوتوێ دەکات.
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، کە لە کۆبوونەوەی هەفتانەیدا ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجومەنی وەزیران چەند پرسێک تاوتوێدەکات ئەوانیش:
– خستنەڕووی پوختەی دەرئەنجامی ئامادەبوونی شاندی وەزاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان بە ژمارە (16) لە ڕۆژی دووشەممە 28/6/2021 و وەڵامدانەوەی پرسیاری پەرلەمانتاران لە لایەن شاندی وەزارییەوە و خستنەڕووی ڕاسپاردەی کۆتایی دانیشتنی پەرلەمان.
– خستنەڕووی دەقی هەموارکراوی ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای (هەمواری یاسای وەزارەتی دارایی و ئابوری لە هەرێمی کوردستان – عێراق ژمارە (5)ی ساڵی 2010) تایبەت بە هێنانەکایەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی دڵنیایی (التأمين).
– خستنەڕووی ڕاپۆرتێکی شیکاری سەبارەت بە ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای (پەروەردە و فێرکاریی لە هەرێمی کوردستان – عێراق).
– خستنەڕووی بڕیاری کۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای ئابوری لە ڕۆژی یەکشەممە 4/7/2021 سەبارەت بە ڕێکخستنەوەی داهاتی گشتی باج و ڕسومات.