ڕاپۆرتێكی لێبوردنی نێودەوڵەتی باس لە دەستگیركردنی ڕۆژنامەنووسانی بادینان و ‏هەولێر دەكات

ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕاپۆرتێكی لەبارەی دەستگیركردنی خۆپیشاندەران و ‏ڕۆژنامەنووسان لە عێراق و هەرێمی كوردستان بڵاوكردووەتەوە، بەشێكی ڕاپۆرتەكە ‏تایبەتە بە هەرێمی كوردستان و دەستگیركردنی چالاكوانان و ڕۆژنامەنوسانی بادینان ‏لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە. ‏

ڕێكخراوەكە لە ڕاپۆرتێكدا ئاماژەی بەوە كردووە، بەشێك لەوانەی لەلایەن هێزەكانی پاراستنەوە دەستگیركراون تا چەند مانگێك بێسەروشوێن بوون، دەشڵێت، “گێچەڵ و هەڕەشە لە كەسوكاری دەستگیركراوەكانی بادینان كراوە”.

لە ڕاپۆرتی ڕێكخراوەكەدا باس لەوەش كراوە، “ئەوانەی لە سنووری بادینان بەهۆی بەشداریكردنیان لە خۆپیشاندانەكان یان چالاكی دەستگیركراون، لە دادگایی نادادپەروەرانە حوكمدراون.”

ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكە لەنێوان مانگەكانی شوبات و ئایاری 2021 چاوپێكەوتنی لەگەڵ ‏قوربانییان و ئەندامانی خانەوادەی كەسە دەستگیركراوەكان و پارێزەران و كارمەندانی ‏مافی مرۆڤ و ڕۆژنامەنووسان لە هەرێم ئەنجامداوە، چاوی خشاندووە بە پەڕاوەكانی ‏دادگادا، لەنێویاندا فەرمانی دەستگیركردن و بڕیاری دادگا.‏

ئاشكرایكردووە، “كەیسی (14) دەستگیركراوی بادینانمان تۆماركرد كە لە 3 ڕۆژنامەوان ‏و 11 چالاكوانی سیاسی و كۆمەڵگەی مەدەنی پێكهاتبوون، كە هەموویان لەنێوان ‏مانگەكانی ئاب و تشرینی یەكەمی 2020 دەستگیركرابوون، دەركەوت لە هەموو ‏كەیسەكاندا ( ئاسایش – ئاژانسی سەرەكیی ئاسایش و هەواڵگریی حكومەتی هەرێمی ‏كوردستان)، هەروەها هێزەكانی پاراستن (ئاژانسی هەواڵگریی پارتی دیموكراتی ‏كوردستان)، بەشێوەی هەڕەمەكی خەڵكیان دەستگیركردووە و لە شەش كەیسدا ‏بێسەروشوێنیان كردوون، كە دەستگیركردنەكان بەهۆی بەشداریكردن لە خۆپیشاندانەكان، ‏یان ڕەخنەگرتن لە دەسەڵاتدارانی ناوخۆ، یاخود بەهۆی كاری ڕۆژنامەوانییانەوە بووە

جەختیشی كردووەتەوە، بەشێك لەوانەی لەلایەن هێزەكانی پاراستنەوە دەستگیركراون، لە چەند ڕۆژێكەوە تاوەكو پێنج مانگ بێسەروشوێن كراون.

ئەوەش هاتووە، گێچەڵ و هەڕەشە لە كەسوكاری دەستگیركراوەكانی بادینان كراوە و چوار حاڵەتی ترساندنی ئەندامانی خانەوادەی ئەو كەسانەیان تۆماركردووە كە دەستبەسەرن یاخود خۆیان ونكردووە، تیایدا بەهۆی دەستگیركردن یان هەڕەشەی زارەكی.

لەبارەی دەستگیركردنی هەڕەمەكی و پێشێلكاریی دەستگیركراوان لە بادینان و هەولێر ڕاپۆرتەكە ئەوەشی ئاشكراكردووە، ئەو 14 كەیسەی كە ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیی تۆماریكردووە، هێزەكانی ئاسایش ئەو كەسانەیان لە ماڵەوە یاخود لە شوێنی كاریان دەستگیركردووە بەبێ فەرمانی دەستگیركردن یان هەر پەیوەندییەكی فەرمی كە هۆكاری دەستگیركردنەكە ڕوونبكاتەوە.

بابەتی پێشتر

(NBA) واریەز دۆڕا و ئۆکلاهوما ماڵئاوایی لە "پلەی ئۆف" کرد

بابەتی دواتر

باشترینی جیهان وازهێنانی ڕاگەیاند

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share