لەسەر سكاڵای بەڕێوەبەری تەندروستیی دەربەندیخان 7 چالاكوان دەستگیركران

لەسەر كۆمێنت و نوسین بووە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان

لەسەر سكاڵایەكی یاسایی حەوت چالاكوان لە دەربەندیخان دەستگیركران، دوای ئەوەی بەهۆی نوسین و كۆمێنتی ژمارەیەكیانەوە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، بەرێوەبەری تەندروستی قەزاكە سكاڵای لەسەر تۆماركردن.

سكاڵاكەی بەڕێوەبەری تەندروستیی دەربەندیخان لەسەر 28 كەس لە چالاكوانان و ڕۆژنامەنوسان بووە و ئەمڕۆ دووشەممە 9 لەوانە لەلایەن دادگاوە بانگ كراون، دووانیان بە كەفالەت ئازادكراون و حەوتی دیكەیان دەستگیركراون.

بەشێك لە چالاكوانان دەڵێن، لە 19ی ئایاری ڕابردوو ناڕەزاییان لەسەر گواستنەوەی پزیشكێكی پسپۆڕی ژنان دەربڕیوە كە پاش ماوەیەك لە گواستنەوەی بۆ دەربەندیخان، بڕیاری گواستنەوەی بۆ شارۆچكەی سەیدسادق دەرچووە.

پێشتر سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی ڕۆژنامەنوسان لە ڕاگەیەنراوێكدا داوای لە بەرێوەبەرێتی تەندروستیی دەربەندیخان كرد ئەو داوا یاساییانە دژ بە ڕۆژنامەنوس، و چالاكوان و ڕەخنەگرانی قەزاكە بكشێنێتەوە، چونكە “كەرتی تەندروستی پڕە لە كەموكورتی و پێویستە لەژێر چاودێریدا بێت”.

لەسەر زاری فەرمان عەبدولڕەحمان، چالاكوانی مەدەنی و ڕێكخەری چالاكییەكە دەڵێت، “ئێمە چووین بۆ دەڕبرینی نارەزایەتی لەسەر گواستنەوەی پزیشكی پسپۆری شارەكەمان بۆ سەیدساق، ئەمە داخوازییەكی ڕەوایە چونكە ئەو یەك پسپۆرمان لەم بوارە هەیە كە كەمە” جەختیكردەوە “دوای ئەوە لێشاوێك لە ڕەخنە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان نوسراوە خەڵك مافی خۆیەتی بەبێ تەشهیركردن ڕەخنە و داخوازی خۆی بخاتەڕوو”.

داوا یاساییەكان بەپێی ماددەی دوو لە (یاسای ژمارە 6ی ساڵی 2008)، یاسای قەدەغەكردنی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن لە هەرێمی كوردستان تۆماركراوە، كە سزای بەندكردنی لە شەش مانگ بۆ پێنج ساڵ و غەرامەی ملیۆنێك بۆ پێنج ملیۆن دیناری تێدایە.

لە بەرامبەریشدا بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی دەربەندیخان ڕونكردنەوەیەكی بڵاوكردووەتەوە و تیایدا دەڵێت، “ماوەیەکە ھەندێك سایت و ماڵپەڕ و پەیجی ساختە ھەڵمەتێکی ناڕەوا و دوور لەھەر بەھایەکی ھەواڵی و میدیایی بەھا کۆمەڵایەتیەکان و پەلاماری ناڕاست و ناڕەوایان دژ بە بەڕێوەبەر و بەڕێوەبەرێتییەکەمان گرتوەتەبەر و ڕێگە خۆشکەرن بۆ نوسینی کۆمێنت و وشەی نەشیاو لەنێو ھەزاران وشەی جوان و ڕەخنەی بونیادنەری خەڵکی خەمخۆردا”.

دەشڵێت، “دەیان کۆمێنت و وشەی نەشیاو و بەدوور لەھەر بەھایەکی مرۆیی و کۆمەڵایەتی جنێوو سوکایەتی و دەستبردن بۆ ژیانی تایبەت و کەسێتی ڕوبەڕوومان کراوەتەوە، بۆیە ئێمە بەمافی یاسایی و کەسێتی خۆمانی دەزانین پارێزگاری لەخۆمان و ژیانی تایبەتی و کەسی خۆمان بکەین و یاسا بە پارێزەری خۆمان و ھەموو ئەوانە بزانین کە ناھەقی و زوڵمی ھاوشێوەیان دەکرێتەسەر، سوپاسی ھەموو ئەوانەش بکەین کە بە ڕەخنە و پێشنیازەکانیان ووزەمان پێدەبەخشن”.

بابەتی پێشتر

وەزارەتی پەروەردە چەند بڕیارێكی نوێی لەبارەی تاقیكردنەوەكانەوە دەركرد

بابەتی دواتر

نرخی نەوت 77 دۆلاریشی تێپەڕاند

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

گەشتی زانستیی خوێندنگەکان راگیرا

بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی رۆژئاوای سلێمانی بڵاویکردەوە، بەهۆی نزیکبوونەوەی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی وەرزی یەکەم، ئەنجامدانی گەشتی زانستی و سیمیناری ناوەندەکانی خوێندن…
Total
0
Share