بانكی ناوەندیی عێراق ڕەتی دەكاتەوە بەهای دیناریان بەرامبەر بە دۆلار دابەزاندبێت و ڕایدەگەیەنێت، دەنگۆی هەندێك ئاڵوگۆڕكەری دراو بووەتەهۆی دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار.
بانكەكەی عێراق كە كۆنتڕۆڵی دراوی وڵاتەكەی بەدەستە ئاشكرایكردووە، “نرخی دۆلار خستنە بازاڕەوە جێگیرە و هیچ گۆڕانكارییەكی بەسەردا نەهاتووە، سیاسەتی نەختیش ڕوون و شەفافە، ئەو بەرزبوونەوەی بەهای دۆلاریش كاتییە”.
سەبارەت بە یەدەگی دراوی بیانیش بانكی ناوەندی دەڵێت، “یەدەگی دراوی بیانی زۆر باشە، بەجۆرێك دەتوانین ئەو قەیرانەی هەیە تێیپەڕێنین”.
ڕاگەیەندراوەكەی بانكی ناوەندیی عێراقی هاوكاتی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلارە بەرامبەر بە دیناری عێراقی، دوێنێ شەممە 17ی تشرینی یەكەم لە هەندێك بازاڕی دراودا 100 دۆلاری ئەمریكی بەرامبەر بوو بە 128 هەزار دیناری عێراقی.
لەگەڵ بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار، ناجی سەعیدی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، پێویستە پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق دەستلەكاربكێشێتەوە، بانكەكەشی تۆمەتبار كرد بەوەی بەهای دیناریان بەرامبەر بە دۆلار دابەزاندووە.