مستەفا كازمی گەیشتە پارێزگای سەڵاحەدین و دەستی بە كۆبوونەوە كرد لەگەڵ بەرپرسانی پارێزگاكە، مەبەستی سەردانەكەشی لێكۆڵینەوەیە لەو ڕوداوەی دوێنێ شەممە ڕویدا و هەشت هاوڵاتی كوژران.
ئەوەش ڕاگەیەندراوە، سەرۆكوەزیرانی عێراق كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمنی و سەربازیی پارێزگای سەڵاحەدین ئەنجامداوە و ڕایگەیاندووە، چونی بۆ ئەو پارێزگایە بۆ ئەوەیە جەخت لەسەر ئەوە بكاتەوە دەوڵەت هەیە بۆ ئەوەی پارێزگاری لە هاوڵاتییان و ڕوكنەكانی یاسا جێگیر بكات، بەتایبەت پاش ئەو تاوانە قێزەونەی كە لەمدواییانە لە پارێزگای سەڵاحەدین ڕویداوە”.
لە پەیامێكیشیدا بۆ هاوڵاتییانی پارێزگاكە كازمی وتویەتی، “دەوڵەت دەتانپارێزێت، بڕوای هێزە چەكدارەكان دەبێت لە دەوری هاوڵاتییان و یاسادا بخولێتەوە، نەك هیچ كەس و لایەنێكی دیكە”.
دوێنێ شەممە 17ی تشرینی یەكەم عەكار جەبر خەلیل، پارێزگاری سەلاحەدین ڕایگەیاند، لەلایەن چەكدارانی نەناسراوەوە 12 كەس لە دانیشتووانی شارۆچكەی فرحاتییە-ی باشوورى پارێزگاكە ڕفێندراون و دواتریش تەرمی هەشت كەسیان دۆزراونەتەوە.
خەلیل لە بەیاننامەیەكدا ڕوونیشیكردەوە، ڕفاندنەكە پاش نیوەڕۆی هەمان ڕۆژ ڕوویداوە و ڕفێندراوان بۆ شوێنێكی نادیار براون.
ئەوەشی وت، “پاش تەنها یەك كاتژمێر تەرمی هەشت كەسیان دۆزرانەوە كە بە گولە لە ناوچەی سەر و سنگیان كوژرابوون، تائێستاش چارەنووسی چوار ڕفێندراوی دیكەیان نادیارە”.
بەپێی وتەی پارێزگاری سەلاحەدین پەنجەی تۆمەت بۆ “لایەنی ناسراو كە لەسەر زەمینی ناوچەكەدان” درێژ دەكرێت و ڕونیشیدەكاتەوە كە “كوشتنەكان لە ناوچەیەكی نێوان یەكەیەكی حەشدی شەعبی و فەوجی مغاویری سەر بە وەزارەتی ناوخۆ ئەنجامدراون”.
بەپێی زانیارییەكانیش ڕفێندراوەكان “لە یەك پێكهاتە و یەك هۆز و هەمان گوندن”.