وەزارەتی دارایی و ئابوری ڕایدەگەیەنێت، سبەی موچەی وەزارەتێك و دوو توێژ دابەشدەكرێت.
بەپێی بڕیاری وەزارەتەكە سبەی یەكشەممە 4ی تەمموز موچەی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوان دابەشدەكرێت.
لەهەمان ڕۆژدا موچەی زیندانیانی سیاسی و كەسوكاری شەهیدان دابەشدەكرێت.
هەینی ڕابردوو 25ی حوزەیران دەست بە دابەشكردنی موچە كرا و سەرەڕای تێپەڕبوونی سێ رۆژی مانگی تەمموز تائێستا زۆرێك لە وەزارەت و فەرمانگەكان موچەی مانگی ڕابردوویان وەرنەگرتووە و سستی لە دابەشكردنیدا هەیە، جگە لەوەی دابەشكردنەكە بەهەمان شێوەی مانگەكانی ڕابردوو بە لێبڕینی 21% دابەشدەكرێت.
بەرپرسانی حكومەتی هەرێم بەردەوام بەڵێنی ئەوە دوپاتدەكەنەوە كە 30 ڕۆژ جارێك موچە دابەشدەكرێت، بەڵام جێبەجێناكرێت.