ژمارەیەك هاوڵاتیی مەدەنی لە ناوچەیەكی سەر بە پارێزگای سەلاحەدین پاش ڕفاندنیان بە كوژراوی دۆزرانەوە، پارێزگاری شارەكە پەنجەی تۆمەت بۆ “لایەنی ناسراو” درێژ دەكات و سەرۆكوەزیرانیش بەرپرسانی ئەمنی ئاراستەی لیژنەی لێكۆڵینەوە دەكات.
خەلیل لە بەیاننامەیەكدا ڕوونیشیكردەوە، ڕفاندنەكە پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ ڕوویداوە و ڕفێندراوان بۆ شوێنێكی نادیار براون.
ئەوەشی وت، “پاش تەنها یەك كاتژمێر تەرمی هەشت كەسیان دۆزرانەوە كە بە گولە لە ناوچەی سەر و سنگیان كوژرابوون، تائێستاش چارەنووسی چوار ڕفێندراوی دیكەیان نادیارە”.
بەپێی وتەی پارێزگاری سەلاحەدین پەنجەی تۆمەت بۆ “لایەنی ناسراو كە لەسەر زەمینی ناوچەكەدان” درێژ دەكرێت و ڕونیشیدەكاتەوە كە “كوشتنەكان لە ناوچەیەكی نێوان یەكەیەكی حەشدی شەعبی و فەوجی مغاویری سەر بە وەزارەتی ناوخۆ ئەنجامدراون”.
بەپێی زانیارییەكانیش ڕفێندراوەكان “لە یەك پێكهاتە و یەك هۆز و هەمان گوندن”.
لەسەر ڕوداوەكە مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق بڕیاریدا بەرپرسانی ئەمنیی ناوچەكە ڕەوانەی لێكۆڵینەوە بكرێن “بەهۆی كەمتەرخەمییان لە ئەركە ئەمنییەكانیاندا”.
لای خۆشیەوە محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران ئیدانەی “تاوانە قێزەونەكە”ی كرد و دووپاتیكردەوە، ئەوەی ڕودەدات هەوڵە بۆ تێكدانی ئاسایشی پارێزگاكە.
هەر لەسەر ڕوداوەكە وتەبێژێك بەناوی سەرۆكایەتیی كۆماری عێراق لە ڕاگەیەنراوێكدا دەڵێت، “پهلاماره تیرۆرستییه ترسنۆکانهکه” پێویستی یهکخستنی ههوڵهکان و ئاڕاستهکردنی بۆ قهڵاچۆکردنی توندوتیژی و تیرۆر دووپاتدەكاتەوە که ئهیهوێ ئارامی و ئاسایشی وڵات تێکبدات.
بە چەند كاتژمێرێك بەر لە ڕفاندنەكە ناوچەی سەید غەریب-ی نزیك لە قەزای دوجێل لە باكوری بەغداد ڕووبەڕووی هێرشێكی چەكدارانی داعش بوەوە و بەهۆیەوە چەكدارێكی حەشدی شەعبی سەر گروپی عەسائیب ئەهل حەق كوژرا.