حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕەتیدەكاتەوە ئەو فڕۆكانەی ئەمریكا، كە گروپەكانی حەشدی شەعبی لە ئەلبوكەمال كردە ئامانج، لە هەولێرەوە فڕیبن، دەڵێت، تۆمەتی لەوشێوەیە پاساوهێنانەوەیە بۆ هێرشكردنە سەر هەولێر.
دوای ئەوەی ئەحمەد مەكسوس، كە بەرپرسێكی كەتیبەكانی “سید الشهداء”ە ڕایگەیاندبوو، ئەو فڕۆکە ئەمریکییانەی هێرشیان کردە سەر گروپەكانی حەشدی شەعبی، لە فڕۆکەخانەی هەولێرەوە فڕیون، جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕوونكردنەوەیەكی بڵاوكردووەتەوە، دەڵێت، “ئێمە ئەم قسانە ڕەتدەکەینەوە، چونکە هیچ بنەمایەکیان نییە، بەپێچەوانەوە، ئەو هێرشانەی کراونەتە سەر هەولێر، لەلایەن گرووپە لەیاسادەرچووەکانەوە بووە”.
وتەبێژەكەی حكومەتی هەرێم ڕاشیگەیاندووە، “ئەم قسانە مانایەکی خراپ دەگەینن، هەر هێرشەکی تر بکرێتە سەر هەولێر، گومان دەکەوێتە سەر ئەو لایەنەی (ئەحمەد مکصوص) و هاوچەشنەکانی نوێنەرایەتی دەکەن، چونکە ئەمە ڕێخۆشکردن و پاساوهێنانەوەی پێشوەختەیە بۆ بەئامانجگرتنی هەولێر”.