ئەو لیژنەیەی پەرلەمانی عێراق سەردانی ناوچە سنورییەكانی كرد، لە ڕاپۆرتەكەیدا هێرشەكانی توركیای بە داگیركارانە ناوبردووە، داوای كردووە حكومەت لە ئەنجومەنی ئاسایش سكاڵا لە توركیا بكات، لیژنەكەی پەرلەمانی كوردستانیش ناكۆكییەكانی ناوەڕۆكی ڕاپۆرتەكەی چارەسەركردووە، ڕێككەوتنێكی پێشووی بەغداد لەگەڵ ئەنقەرە و بیانووی بوونی پەكەكە كراون بە هۆكاری هێرشەكانی توركیا.
لیژنەكانی پەرلەمانی كوردستان و عێراق ڕاپۆرتی كۆتایی خۆیان لەبارەی لەشكركێشییەكانی توركیا و گرژییەكانی چیای مەتین ئامادەكردووە، سبەی پێشكەشی دەستەی سەرۆكایەتییەكانی ئەنجومەنی نوێنەران و پەرلەمانی كوردستانی دەكەن.
باڵانبۆ محەمەد، جێگری سەرۆكی لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجومەنە خۆجێییەكان، كە هاوكات ئەندامی لیژنەكەی پەرلەمانی كوردستان بوو، بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “پێشتر لیژنەكە كۆبوونەوەیەكمان ئەنجامداوە و ڕەشنووسی ڕاپۆرتەكە ئامادەیە و سبەی وادەكەین كۆتایی پێبێت و تەواوی ئەندامانی لیژنەكە واژووی بكەن و پێشكەشی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی بكەین”.
باسیلەوەشكرد، “هەوڵی ئەوەمان داوە كە ڕاستیی بابەتەكە بخەینەڕوو، پێشتر لەمپەر لەبەردەم بڕگەیەك هەبوو، ئەویش چارەسەربووە”.
دەربارەی ئەوەی ناوەڕۆكی ڕاپۆرتەكە لایەنی سەرەكیی كەمتەرخەمی دیاریكردووە، ئەو ئەندامەكەی لیژنەكە ئاشكرایكرد، “لایەنی سەرەكی كەمتەرخەم عێراقە لەم پرسانە، چونكە پێشتر ڕێككەوتنی لەگەڵ توركیا كردووە، كە هەریەكەیان بتوانن 15 كیلۆمەتر بچنە خاكی یەكترییەوە توركیاش ئەو ڕێكككەوتنە، كە هی ساڵانی هەشتاكانە قۆستووەتەوە، لە كاتێكدا عێراق دەتوانێت هەركاتێك بیەوێت هەڵیبوەشێنێتەوە، هەروەها هۆكارێكی دیكە ئەوەیە توركیا پەكەكەی كردووەتە بیانوو”.
باسیلەوەشكرد، “لە ئەنجامی ئەو سەردانە مەیدانیانەی ئەنجامیانداوە، بۆیان دەركەوتووە، توركیا تەنها پەكەكەی كردووەتە بیانوو بۆ هێرشەكانی و ئەو لەشكركێشییانەی بۆسەر خاكی هەرێم ئەنجامی دەدات”.
لەبارەی ناوەرۆكی ڕاپۆرتەكەش باڵانبۆ محەمەد باسیلەوەكرد، ڕەشنوسی ڕاپۆرتەكە لە چەند بەشێك پێكدێت، كە هۆكار و زیانەكان دیاریكراون.
“پێشتر بەهۆی بوونی ڕای جیاوازەوە، لیژنەكەی پەرلەمانی كوردستان نەیتوانی ڕاپۆرتەكەی ئامادەبكات، بەڵام لەئێستادا لیژنەكە ڕاپۆرتەكەی داڕشتووەتەوە”.
لەبارەی گرژییەكانی چیای مەتین، جێگری سەرۆكی لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجومەنە خۆجێییەكان، دەڵێت، “برادەرانی پارتی پێیان وایە ئەو ئۆتۆمبیلەی كە لێیدراوە پەكەكە بووە، بەڵام كاتێك ئێمە سەردانی شوێنەكەمان كردووە، ئۆتۆمبێلەكەی لێنەبووە، بۆیە ناتوانین هیچ بڕیارێك بدەین، لەونێوەندەشدا ئێمە گوێمان لە وەزارەتی پێشمەرگە گرتووە لەسەر پرسەكە، وەزارەتی پێشمەرگەش لیژنەی پێكنەهێناوە بۆ ئەو مەبەستە و تەنها لەسەر وتەی ئەو پێشمەرگانەی لەوێبوون، وتوویانە هێرشەكە پەكەكە بووە”.
“ڕاپۆرتەكەی عێراق داوادەكات وەزارەتی دەرەوە لە ئەنجومەنی ئاسایش سكاڵا لەسەر توركیا بجوڵێنن”
لای خۆیەوە هەرێم كەمال ئاغا، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی ئەنجومەنی نوێنەران، كە لیژنەیەكیان سەردانی ناوچە سنوورییەكانی كردبوو، بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “لە ڕاپۆرتەكەی لیژنەكەماندا ئەو زەرەر و زیانانەی لە ناوچە سنوورییەكان هەن، هەروەها سوتانی دارستانەكان و ئەو ماڵانەی لەناوچەكە زیانیان بەركەوتووە، ئاماژەیان پێدراوە، جگە لەوەش توركیا وەكو داگیركەر ناوی هاتووە، بەهۆی ئەوەی بەشێك لەخاكی عێراق و هەرێمی داگیركردووە”.
پەرلەمانتارە كوردەكە باسی لە پابەندییەكانی پەكەكەش كردووە لە ڕاپۆرتەكەیاندا، ئاشكرایكرد، “لە ڕاپۆرتەكە باسمان لەوەكردووە، پەكەكە بوونی هەیە لە خاكی هەرێم، دەبێت پابەند بكرێت بەیاسا نێودەوڵەتییەكان و دەستوری عێراق، كە نابێت زیان لە وڵاتێكی دیكە بدات”.
ئەو پەرلەمانتارە جەختلەوەشدەكاتەوە، “ئەوەی خواستی توركیایە داگیركارییە، چونكە زیاتر لە 70 بنكە و بارەگای داناوە لە ناوچەی زێلكان و بەعشیقە، كە پەكەكەی لێنیە، بەڵام توركیا هێزی داناوە، ئەوەی ئێستا دەكرێت داگیركاریی توركیایە لە قوڵایی خاكی كوردستان”.
بەوتەی هەرێم كەمال ئاغا هەر لەڕاپۆرتەكەی عێراقدا هاتووە، “لەدوای ڕاپۆرتەكەی ئێمە بۆ سەرۆكایەتیی پەرلەمان و دواتر ناردنی بۆ دەسەڵاتی جێبەجێكردن، لە ڕێگەی وەزارەتی دەرەوە سكاڵای عێراق بەرزبكرێتەوە بۆ ئەنجومەنی ئاسایش، توركیا پابەند بكرێت بەكشانەوەی هێزەكانی و ڕاگرتنی ئۆپراسیۆنەكانی لەخاكی عێراق و سەروەریی خاكەی پێشێل نەكات”.
هەروەها لیژنەی ئاسایش و بەرگریی عێراق لە ڕاپۆرتەكەیدا داوایكردووە، “كەموكوڕیی لە هێزەكان هەیە لە سنوور و لەتوانای هێزەكانی پاسەوانی سنوور نیە، بۆیە پێشنیازكراوە یەكێك لە لیواكانی سوپای عێراق بكرێتە سەر لێوای پاسەوانی سنور، یان ئەو بۆشاییانەی هەیە بەهێنانی هێزبێت پڕبكرێتەوە، یان گواستنەوەی تا ڕێگری لە سوپای توركیا بكرێت، یان هەر پێشێلكارییەك بۆسەر سەروەریی خاكی عێراق دەكرێت”.