هێزێكی ڕۆژهەڵات شەهیدبوونی دوو گەریلا و توركیاش “كوشتنی” بەرپرسێكی پەكەكە ڕادەگەیەنن

یەکینەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (یه‌ره‌كه‌) شەهیدبوونی دوو گەریلای له‌ بۆردومانه‌كه‌ی ڕۆژی شه‌ممه‌ی ڕابردووی گوندی گەڵاڵە ڕاگەیاند و توركیاش كوژرانی بەرپرسێكی پەكەكەی لە سلێمانی ڕاگەیاند.

میدیای فەرمی تورکیا بڵاویکردەوە، لە ئۆپەراسیۆنێکی ده‌زگای هه‌واڵگریی میتدا بەرپرسێكی پەکەکە لە پارێزگای سلێمانی بەناوی ئوڵاش دۆغان کوشتووە کە ناوی لە لیستی سووری داواکراوانی تورکیا و ئینتەرپوڵدا هەبووە.

باسیلەوەشكردووە، ئوڵاش دۆغان، “ڕێکخەری چالاکییەکانی کوشتن و ڕفاندنی هاوڵاتییانی تورکیا بووە لە هەرێمی کوردستان، بەناوی پەکەکە خەڵکی سڤیلی لە دژی تورکیا هاندەدا و ڕق و کینەی بڵاودەکردەوە و کەسێکی دەسەڵاتدار بووە لە سوریا”.

لەلایەكی دیكەوە یەکینەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ( یەرەكە) لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاماژەی به‌وه‌كردووە‌، “وەکو دەزانرێت بەهاوپەیمانی دەوڵەتانی داگیرکەری ئێران ‌و تورکیا لەدژی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان یەرەکە و هەپەژە هێرشەكان زیادبووە و هەوڵدەدەن لە ڕێگه‌ی بۆردوومان بە فڕۆكە و پیلانگێڕی زیان بگەیەننە هێزەکانی ئێمە”.

ئاشكراشیكردوه‌، “هەر لەو چوارچێوەشدا لە ڕێکەوتی 19ی 6ی 2021 لە ناوچەی شارباژێڕی سەر بە سلێمانی لە ئەنجامی هێرشی فڕۆكەیەكی بێ فڕۆکەوانی تورکیا ئۆتۆمبیلێك بۆردومانکراوە، کاتێک هەڤاڵانی ئێمە پاش ڕاپەڕاندنی ئەرکەكانیان دەگەڕانەوە جێی خۆیان، لەو بۆردوومانەشدا دوو گەریلای ژن بەناوەکانی ئەکین‌ و ئادار شەهیدبوون”.

بابەتی پێشتر

یەكێتیی ئەوروپا تیمێك بۆ چاودێریكردنی ھەڵبژاردنەكان دەنێرێتە عێراق

بابەتی دواتر

جەعفەر شێخ مستەفا لەبارەی ڕووداوەکەی شەوی ڕابردوو ڕوونکردنەوە دەدات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share