دوێنێ ئاهەنگی دەرچوونی خولی دووەمی زانکۆی کوردستان – ئەمریکی لە دهۆک بەڕێوەچوو، بەشێکی زۆر لە بەرپرسانی کابینەی حکومەتی هەرێم، پەرلەمان و سەرۆکی هەرێم بەشداریی ئاهەنگەکەیان کرد، لە کاتێکدا دەرچووانی یەکەمی سەر ئاستی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێم ماوەی چەند ساڵێكە چاوەڕێی وەڵامێکی حکومەتن.
زانکۆی کوردستان – ئەمریکی، زانكۆیەكی تایبەتە، لە ئاهەنگی خولی دووەمی دەرچووانی زانكۆكەدا لە دهۆک، وەزیرانی ناوخۆ، پەروەردە، خوێندنی باڵا، شەهیدان، سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی ئامادە بوون، لەگەڵ ئەوەشدا جێگری سەرۆك و سكرتێری پەرلەمانی کوردستان ئامادەی ئاهەنگی دەرچوونەکە بوون.
گرنگیدان بەو زانکۆ ئەهلییە لەلایەن بەرپرسانی حکومەتی هەرێمەوە لە کاتێکدایە، تا ئێستا نزیكەی 5 هەزار یەکەمی زانکۆ و پەیمانگاكانی هەرێم، چەندینجار لە دەرگای ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم و پەرلەمانیان داوە، بەڵام تا ئێستا هیچ جۆرە وەڵامێکیان نەدراوەتەوە.
تەنانەت لە ماوەی ڕابردوودا بڕیار بوو دانیشتنێکی پەرلەمانی کوردستان بۆ یەکلاییکردنەوەی چارەنووسی یەکەمەکانی زانکۆ و چەند پرسێكی دیكەی خوێندنی باڵا و پەروەردە ئەنجامبدرێت، بەڵام بە چەند هۆكارێك دانیشتنەکە نەكرا، هەر ئەوكات بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەشێك لە یەكەمەكان لە پاركێكی بەردەم پەرلەمانی كوردستان مانیانگرت و مانەوە، بەڵام كەس نەچوو بەلایانەوە و وەڵام نەدرانەوە.
تا ئێستا یەكەمەكانی ساڵی خوێندنی 2016-2017 و ساڵانی دواتر دانەمەزرێنراون و ژمارەیان نزیكەی 5 هەزار دەرچووی دانەمەزراوە، حكومەت پێشتر بڕیاریدابوو ساڵانە یەكەمەكانی ساڵێكی خوێندن دابمەزرێنێت، بەڵام بەردەوامی بەو بڕیارە نەدرا و ڕاگیراوە.